عەلی حوسێن: ئەمشەو شاندێکی حکوومەتی عێراق سەردانی هەولێر دەکات

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕینی پارتی، ڕایگەیاند: بڕیارە ئەمشەو شاندێکی حکوومەتی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێر بکات.

پێنجشەممە 26ـی حوزەیرانی 2025، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ئەمشەو کاتژمێر 9 پەخش دەکرێت، گوتی: بڕیارە ئەمشەو شاندێکی حکوومەتی عێراق لەسەر ئاستی باڵا، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بگاتە هەرێمی کوردستان.

عەلی حوسێن، باسی لەوە کرد، شاندەکە لەسەر ئاستی باڵایە و لە نوێنەرانی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، وەزارەتەکانی دارایی، نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ پێک دێن، ئامانج لە هاتنیش کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پرسی بودجە، مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کۆ دەبنەوە.

چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاندبوو، ئێمە واز لە هیچ مافێکی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناهێنین و بەردەوامیش دەبین. لەو ماوەی ڕابردووشدا، ڕۆژ نەبووە کە خەریک نەبووبین بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە.

باسی لەوەش کردبوو، "لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش قسەم کردووە کە ئێمە پێویستە چارەی ئەم قەیرانە بکەین. ئەوانیش زۆر بە خۆشحاڵییەوە ڕایانگەیاند، ئامادەن لە ماوەیەکی زۆر زۆر نزیک، لەم یەک دوو ڕۆژەدا شاندێک بنێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بکەونە گفتوگۆی ڕاستەقینە لەسەر ئەم بابەتە و چارەسەری گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment