پارێزەرانی دۆسییەی کۆبانێ دەتوانن پێداچوونەوە بە بڕیاری دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە بکەن

لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە، بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە لەلایەن حکومەتی تورکیا دەستگیرکران.

هەرچەندە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا چەندین جار داوای ئازادکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپەی کردووە، بەڵام حکوومەتی تورکیا ئەو بڕیارەی جێ بەجێنەکردووە.

رۆژی 16ی ئایاری 2024 دادگای 22ی سزا قورسەکانی ئەنقەرە لە دۆسییەی کۆبانیدا سزای قورسی بەسەر زۆرێک لە سیاسەتمەداران و بەتایبەت هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ سەپاند، 13 مانگ بەسەر ئەم بڕیاڕەی دادگا تێپەڕێوو و دواجار، داگا وردەکاری دۆسییەی کۆبانێ و هۆکاری بڕیاری سزاکانی لە چوارچێوەی 32 هەزار و 630 لاپەڕەدا، بڵاوکردەوە.

بەم پەرەسەندنە بە فەرمی پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دادگای تێهەڵچوونەوە دەستی پێکرد، پارێزەرانی دۆسییەی کۆبانێ دەتوانن تانە لە بڕیارەکان بدەن و داوا پێشکەشی دادگای تەمیز بکەن بەمەبەستی پێداچوونەوە بە بڕیاری دەستگیرکردنەکە.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، بڕیارە بەم زووانە تانەدان دەربارەی دۆسیەیەی کۆبانێ ئەنجام بدرێت، ئاماژە بەوەش کراوە، هەنگاوی نوێ بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی دەنرێت و ئەگەری هەموارکردنەوەی یاسای سزادان هەیە، کە دەم پارتی داوای کردووە زیندانییانی نەخۆش و سیاسی ئازا بکرێن.

دۆسییەی کۆبانێ دوای ئەوەی دەستیپێکرد، کاتێک لە تشرینی یەکەمی 2014دا   لە باکووری کوردستان خۆپیشاندانی فراوان بۆ پشتیوانی لە شاری کۆبانێ بەڕێوەچوون و توندوتیژی لێکەوتەوە و لەئەنجامدا 46 کەس گیانیان لەدەستدا و  682 کەس بریندار بوون ، لەسەر دۆسییەکە سەلاحەدین دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانیکردن سزادرا و  فیگەن یوکسەکداغ ٣٢ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر سەپێندرا.

 
 
Fly Erbil Advertisment