پوتن: تره‌مپ هه‌وڵ ده‌دات به ڕاستگۆییه‌وه ململانێكانی ڕووسیا و ئۆكرانیا چاره بكات

سه‌رۆكی ڕووسیا ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ گه‌ڕێكی دیكه‌ی دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا له ئیستانبوڵ ڕاده‌گه‌یه‌نێت؛ هاوكات ناتۆ به سه‌ربازكردنی بارودۆخه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كات.
هه‌ینی، 27ـی حوزه‌یرانی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی ڕووسیا له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی، زیادكردنی خه‌رجییه‌كانی ناتۆ له "دژایه‌تیكردنی وه‌همی ڕووسیا"ـوه سه‌رچاوه‌ی كردووه و ناتۆ هه‌وڵی به سه‌ربازكردنی بارودۆخه‌كان ده‌دات، هاوكات ڕووسیا هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه سه‌ربازییه‌كان ده‌دا له داهاتوودا.
ڤلادیمێر پوتن هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، مۆسكۆ بۆ گه‌ڕێكی دیكه‌ی دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا له ئیستانبوڵ ئاماده‌یه له هه‌مان كاتدا شاندی دانوستانكاری ڕووسیا و ئۆكرانیا له په‌یوه‌ندیدان، ئه‌مه‌ش مایه‌ی خۆشحاڵییه.
سه‌رۆكی ڕووسیا ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌یشی بۆ ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ته‌رمی سێ هه‌زار سه‌ربازیی ئۆكرانی به كیێڤ دووپات كرده‌وه.
پوتن له باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیشیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا گوتی، په‌یوه‌ندییه‌كانیان باشه و دۆناڵد تره‌مپ هه‌وڵ ده‌دات به ڕاستگۆییه‌وه ململانێكانی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ چاره بكات.