نوێترین زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا

چەند سەرچاوەیەک بە پەیامنێری کوردستان24ـیان ڕاگەیاند، بەهۆی بەرەوپێشچوونی کۆبوونەوەکانی هەردوو شاندی هەولێر و بەغدا، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرنی هەرێمی کوردستان دەدات، هاوکات ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەم نزیکانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ دەکاتەوە.
ئەندامێکی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق باش بووە و بڕیاریشە سبەی بەردەوامی بە کۆبوونەوەکان بدەن، بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ چارەکردنی پرسی مووچە و دەستپێکردنەوەی هەناردە نەوتی هەرێمی کوردستان.
هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەک کۆبوونەوەی کردووە، ئەویش لەگەڵ ئەندامانی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە، کە بەرەوپێشچوونێکی زۆر باش لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەبووە، بریاریشیان داوە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بێت.
پەیامنێری کوردستان24 زانیویەتی، سبەینێ دووشەممە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەتا لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووریی حکوومەتی عێراق سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆ دەبنەوە، دواتریش سەبارەت بە ڕێکارەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ کۆ دەبنەوە.
دیلان بارزان باسی لەوەش کرد، بڕیارە سبەینێ ئەنجامی کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێڕاق ئاشکرا بکرێن، ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت ئەوا ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەسەر پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچە و ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت، ڕۆژی سێشەممەش ئەنجوومەنی وەزیران عێراق تاوتوێی ڕێککەوتنەکە دەکەن.
لە هەمواری یاسای بوودجەدا دیاریی کراوە کە دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکات، کە بەشێکی بۆ پێداویستی ناوخۆی بەکار دەهێنرێت و بەشێکیش کۆمپانیایی سۆمۆ لە ڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردەی دەرەوەی دەکات، بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە قۆناغی یەکەم هەرێم ڕۆژانە 280 هەزار بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە ڕادەستی سۆمۆ دەکات و 100 هەزار بەرمیلیش بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکار دەهێنێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، وەزارەتی نەوتی عێڕاق بەهۆی مەترسی داخستنی گەرووی هورمز و هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتەکانی بەسرە، بۆیە دەیەوێت بە زووترین کات هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.
سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق زۆر ئەرێنی بوونە، بە ئەگەری زۆریشەوە ڕۆژی سێشەممە بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت.