ئەفسەرێکی پۆلیسی کەرکووک: مووشەکەکانی شەوی ڕابردوو لە دەرەوەی کەرکووکەوە هەڵدراون

پاشماوەی مووشەکێک کە لە ناوچەی "عروبە"ـی کەرکووك کەوتووەتە خوارەوە
پاشماوەی مووشەکێک کە لە ناوچەی "عروبە"ـی کەرکووك کەوتووەتە خوارەوە

ئەفسەرێکی پۆلیسی کەرکووک ڕایدەگەیەنێت، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، مووشەکەکانی شەوی ڕابردوو لە دەرەوەی کەرکووکەوە هەڵدراون و هەموو پەنجەی تۆمەتەکانیش ئاراستەی داعش دەکرێن. 

ژمارەیەک مووشەک لە کەرکووک کەوتنە خوارەوە

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو، دووشەممە، 30ـی حوزەیران 2025، سێ مووشەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک و مووشەکێکیش لە ناوچەی "عروبە"ـی شارەکە کەوتە خوارەوە. 

بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەركووک لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان"کە سەرچاوەکەیان نادیارە" کارمەندێکیان بریندار بووە.

لەوانەیە لە ناوچەی ڕەشادەوە ئاراستە کرابن

سێشەممە، 01ـی تەممووز 2025، ئەفسەرێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک بە سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەموو مووشەکەکان لە جۆری 'کاتیۆشا' بوون و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە لە شەوی ڕابردووەوە بەردەوامە. تا ئێستا بۆ  ئێمە و هێزە ئەمنییەکان ڕووننەبووەتەوە مووشەکەکان بە دەستنیشانکراوی لە چ ناوچەیەکەوە ئاراستە کراون و سەکۆی هەڵدانیان نەدۆزراوەتەوە."

ئەو ئەفسەرە باڵایەی پۆلیسی کەرکووک باسی لەوەش کرد "هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان تا ئێستاش بەردەوامن و بە فەرمی هیچ ڕانەگەیەنراوە، بەڵام گەیشتووینەتە ئەو بيوایەی، هەموو مووشەکەکان لە دەرەوەی کەرکووکەوە هەڵدراون و گومان دەکەین لە ناوچەی 'ڕەشاد'ـەوە ئاراستە کرابن."

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، قسەی لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەر و بەرپرسی ئەمنیی کەرکووک کردووە و بە دووری دەزانن گرووپی چەکدار مووشەکەکانیان ئاراستە کردبێت، بەڵکوو زۆرینەیان پەنجەی تۆمەت ئارستەی داعش دەکەن، چونکە هەفتەی ڕابردوو سێ سەرکردەیان لە سنووری پارێزگای کەرکووک دەستگیر کرابوون و دەکرێت، هێرشە مووشەکییەکانیش، دەرئەنجامی کاردانەوەی دەستگیرکردنی سەرکردەکانیان بێت. 

"هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە"

پەیامنێری کوردستان24 ئەوەشی خستە ڕوو، شەوی ڕابردوو، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، سەردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک و ناوچەی "عروبە" کە یەکێک لە مووشەکەکانی لێ کەوتووەتەوە خوارەوە، کردووە و ئەمڕۆش، محەممەد حافز، سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکە سەردانی هەردوو شوێنەکە دەکات. 

بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەی "عروبە"ـی کەرکووک کە قسەیان بۆ پەیامنێری کوردستان24 کردووە، ئاماژەیان بەوە کرد، نازانن کێ مووشەکەکانی ئاراستە کردووە و پێشتر هیچ مووشەکێک لە ناوچەکەیان نەکەوتووەتە خوارەوە.

 ئەندامێکی ئەو خێزانەی مووشەک بەر سەربانی ماڵەکەیان کەوتووە، باسی لەوە کرد، هیچ زیانێکی گیانییان نییە و  ئەوان لە ژوورەوە بوون کاتێک مووشەکە بەر ماڵەکەیان کەوت. جەختیشی کردەوە، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ کەسدا نییە. 

 

بە ڤیدیۆ؛ سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 زانیاریی نوێ لەبارەی ڕووداوەکە دەخاتە ڕوو:

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment