کوردستان24 داوای دەستبەجێ ئازادکردنی کارمەندی دامەزراوەکەی ڕامان عەبدولسەلام لە ئاسایشی ڕۆژئاوا دەکات

دامەزراوەی كوردستان24 بۆ توێژینهوه و ڕاگهیاندن، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە ئاسایشی ڕۆژئاوا دەکات، دەستبەجێ کارمەندی دامەزراوەکەی (ڕامان عەبدولسەلام حسۆ) ئازاد بکات، کە بۆ سەردانی خزم و کەسانی چووەتەوە ڕۆژئاوای کوردستان و ئاسایش دەستگیری کردووە.
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:
ڕۆژی 1ـی تەمموزی2025، هاوکارمان (ڕامان عەبدولسەلام حسۆ) لەگەڵ کوڕە شەش ساڵانەکەی (میرال ڕامان عەبدولسەلام)، بە مەبەستی، سەردانی خزمان و بەسەربردنی پشووی هاوین، دەچێتە ڕۆژئاوای کوردستان. بەپێی زانیارییەکانی (دایکی ڕامان) دوای گەیشتنی لە لایەن ئاسایشی دەروازەی سێمالكا ڕاگیراوە و دوای چەند كاتژمێرێك ئازاد كراوە. پاشان پێی گوتراوە سبەی کاژمێر 10ـی بەیانی سەردانی ئاسایشی گشتی لە شاری عامودێ بکات، لەوێ دەستبەسەر کراوە و هەرچەندە هیچ تۆمەتێکی ئاراستە نەکراوە، بەڵام تاکوو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
ڕامان عەبدولسەلام حسۆ، کارمەندی دامەزراوەی کوردستان24ـە و خەڵکی شاری عامودێیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، ساڵی 2014 هاتووەتە هەرێمی کوردستان و ماوەی پێنج ساڵە لە دامەزراوەی کوردستان24 کار دەکات، ناوبراو پێش چەند ڕۆژێک داوای مۆڵەتی فەرمیی لە دامەزراوەکە کردووە، بۆ ئەوەی سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان بکات و کەسوکاری بەسەر بکاتەوە.
دامەزراوەی کوردستان24، داوا لە لایەنی پەیوندیدار و ئاسایشی ڕۆژئاوا دەکات، دەستبەجێ هاوکارمان (ڕامان عەبدولسەلام حسۆ) ئازاد بکرێت و ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی دەستبەسەرکردنی بدرێت.
دامەزراوەی کوردستان24
3ـی تەمموزی2025