ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان دەکرێت.

شەممە 5ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، ئەو چاوەڕوانییەی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدڕاڵ، لە کاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێم یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق هەیە، لەبری گرتەنبەری ڕێوشوێنی پێویست و ڕێگەگرتن لە دووبارەکردنەوەی هەڕەشەکان و سزادانی تاوانباران، بەڵام بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان دەکرێت.

وەزارەتەکە دەڵێت: لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیاربوون و، چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ دروست بوون، بەڵام دیسان بە داخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا کران، نە لەسەر ئەو تاوانە كەس سزا درا، بەڵکو هیچ ڕێوشوێنێكیش لە بەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر، لە کاتێکدا بەرزترین ئاستی هەماهەنگی لە نێوان هەردوو حکوومەت هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەر دەست بوونە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان لە هەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات، ئەركی لە پێشینەی دامودەزگا فەرمییەكانی هەردوو حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە هه‌ینی، 4ـی ته‌ممووزی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، دوو ڕۆژ لەمەوبەر، درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆلەوانی لە نزیک هەولێر کەوتە خوارەوە، ئەم هێرشانەش لە لایەن هەندێ گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە ئەنجام دەدرێن و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و ڕێکاری یاسایی بەرانبەر بە تاوانباران بگرنە بەر.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment