حەماس کۆنترۆڵی نزیکەی لە سەدا هەشتای خاکی غەززەی لەدەست داوە

ئەندامێکی باڵای هێزەکانی حەماس بە پەیامنێری بی بی سی گوتووە: حەماس کۆنترۆڵی لەسەدا هەشتای خاکی غەززەی لە دەست داوە و ئیستا بە گرووپی چەکداریی بچووک شەڕی هێزەکانی ئیسرائیل دەکات.
ئەو ئەندامەی حەماس، کە پلەی 'ڕائید'ی هەیە، بە پەیامنێری پێگەی هەواڵی بی بی سی، ڕوشدی ئەبولعۆف ی گوتووە: سیستەمی فەرماندەیی حەماس، لە ئەنجامی هێرشی بەردەوام و چەند مانگەی ئیسرائیل، کە بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە ڕێبەرانی سەربازی و ئەمنیی بزووتنەوەکە، تا ڕادەیەکی زۆر داتەپیوە.
ئەو ڕائیدە، کە داوای کردووە ناوی بڵاو نەکرێتەوە، هەفتەیەک پاش ئەوەی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی تشرینی دوومی 2023دا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بە سەختی بریندار بووە و دەستی لە کار کێشاوەتەوە.
ئەفسەرەکە، لەگەڵ ڕوشدی ئەبولعۆف، پەیامنێری بی بی سی، لە قاهیرە، بە تەلەفۆن قسەی کردووە، گوتوویەتی "با واقیعبینانە قسە بکەین، هیچ پاشخان و دامەزراوەیەکی ئەمنیی لە غەززە نەماوەتەوە. تا ئێستا نزیکەی لە سەدا نەوەد و پێنجی ڕێبەران و کەسە چالاکەکانی بزووتنەوەکە، کوژراون. کەواتە چی دەتوانێت ڕێگە لە بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بگرێت؟"
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا گوتوویەتی "بەردەوامیی ئەم جەنگە کارێکی عاقڵانە نییە. حەماس، لە ماوەی ئاگربەستی 57 ڕۆژەدا زۆر هەوڵی دا خۆی ڕێک بخاتەوە، بەڵام بۆی نەکرا. ئێستا ئیسرائیل باڵا دەستە، جیهان بێدەنگە، وڵاتانی عەرەبی ورتەیان لێوە نایەت. گرووپە تاوانکارەکان لەسەرانسەری غەززەدا چالاکن، کۆمەڵگە خەریکە دادەتەپێت."
ئەو ئەفسەرە بە سەرانی حەماسی گوتووە: ئێوە ئیتر وەک ڕێکخراوێکی سەربازیی نەماونەتەوە و تەنیا شەڕی پارتیزانیتان پێ دەکرێت. بێسەروبەریی سەرجەم دامودەزگاکانتانی گرتووەتەوە. خەڵکی غەززە لە برسان، تەنانەت بارەگای بەهێزترین دامەزراوەی ئەمنیی حەماس، ناسراو بە (ئەنسار)یان تاڵان کرد و هەرچی تێدا بوو بردیان، کەسیش ڕێگەی لێیان نەگرت. نە پۆلیس، نە هێزە ئەمنییەکان!"
ئەفسەرە فەلەستینییەکە، بەم پرسیارە لە سەرانی حەماس، کۆتایی بە قسەکانی هێناوە "ئایا ئێوە بەم حاڵ و بارەی ئێستاتان چۆن دەتوانن لە بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل بەردەوام بن؟"