سەرۆکی گرووپی بریکس: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پێشێلکردنی مافە نێودەوڵەتییەکانە

وێنەی بە کۆمەڵی ڕێبەرانی گرووپی بریکس
وێنەی بە کۆمەڵی ڕێبەرانی گرووپی بریکس

ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندامی گرووپی بریکس، لە حەڤدەمین کۆبوونەوەیاندا لە بەرازیل، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانیان بە 'پێشێلکردنی مافە نێونەتەوەییەکان' لە قەڵەم دا و سەرکۆنەیان کرد.

دووشەممە، 7ـی تەممووز 2025، ئاژانسی (DW)ی ئەڵمانی،  ڕایگەیاند "سەرۆک کۆماری بەرازیل، لۆلا دا سیلڤیا، ڕۆژی یەکشەممە لە وتارێکدا، کۆبوونەوەی ڕێبەرانی وڵاتانی بریکسی کردەوە و گوتی: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵیادی 80 ساڵەی دامەزراندیدا، شایەتی بێبایەخیی مێژوویی خۆیەتی!"

دا سیلڤیا، بڕیاری ئەم دواییەی ناتۆی دەربارەی زیادکردنی بودجەی سەربازی، لە ڕوانگەی 'جیهانی باشوور' کە وڵاتانی ئەندامی بریکس، نوێنەرایەتیی دەکەن، سەرکۆنە کرد و گوتی: تەرخانکردنی لە سەدا 5ی داهاتی ناوخۆی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بۆ کڕینی چەک و بەهێزکردنی سوپا، لەوە ئاسانترە کە وەک بڕیار بوو، لە سەدا 7ی ئەو داهاتە بۆ پرۆژەکانی گەشەپیدانی گشتیی تەرخان بکەن.

سەرۆک کۆماری بەرازیل، لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتێکی ئەندامی نوێی بریکس، واتە ئیران، پێشێلکردنی مافە نێونەتەوەییەکانە و ئێمە سەرکۆنەی دەکەین.

وتارە  یازدە دەقیقەییەکی لۆلا دا سیلڤیا، بەبێ ئەوەی خۆی لە قەرەی وردەکارییەکان بدات، ڕەنگدانەوەی خواستی یازدە وڵاتە ئەندامەکەی بریکس بوو.

بریکس، لە پیتی یەکەمی وڵاتانی دامەزرێنەری گرووپەکە پێک هاتووە، کە بریتین لە بەرازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور. 

سەرەتای ساڵی 2024 ئێران، ئەسیوبیا، میسر و ئیمارات، وەک ئەندامی کارای ئەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییە، وەرگیران. مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵیش ئیندۆنیزیا بوو بە ئەندامی کارا. شانشینی سعوودیە داوەتی کۆبوونەوەکە کراوە و بەشداریی گفتوگۆکان دەکات، بەڵام هێشتا داخوازیی بوونە ئەندامی نەکردوە.

کۆبوونەوەی ڕێبەرانی بریکس لە ڕیۆ دی جانریۆ، بەبێ ئامادەبوونی ڕێبەران چین و ڕووسیا بەڕێوە چوو. شی جین پینگ، سەرۆک کۆماری چین، لە دوا ساتەکاندا گەشتەکەی بۆ بەرازیل هەڵوەشاندەوە. ڤلادیمیر پوتن، سەرۆک کۆماری ڕووسیاش لەبەر مەترسیی دەستگیرکردنی، نەیتوانی گەشت بکات. چونکە، لە لایەن دادگای نێونەتەوەیی بە تۆمەتی تاوانی دژە مرۆڤایەتی لە ئۆکرانیا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment