پزیشکیان: خامنەیی کێشەی لەگەڵ هاتنی وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی نییە

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت: عه‌لی خامنەيی، ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی ئێران بڕوای وایە وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی دەتوانن بێنە ئێران بەبێ هیچ گرفتێک وەبەرهێنانی خۆیان بکەن.

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) چەند قسەیەکی ئەو چاوپێکەوتنە تایبەتەی بڵاو کردووەتەوە، کە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی، تاکەر کارلسۆن کردوویەتی و دەڵێت: ئەو کاتەی ئێمە لەگەڵ ئەمەریکییەکان لە دانوستاندا بووین، لایەنی ئەمەریکا دڵنیایی دا لەوەی تاوەکوو ئەوان ڕێگە بە ئیسرائیل نەدەن، ئیسرائیل هیچ کاتێك هێرش بۆ سەر ئێران ناکات، بەڵام بەر لەوەی گەڕی شەشەمی دانوستان بەڕێوە بچێت، ناتانیاهۆ مێزی دانوستانی هەڵگێڕایەوە و هەنگاوە دیپلۆماتییەکانی لەنێو برد.

پزیشکیان لە بەشێکی دیکە نووسیویەتی: لەگەڵ ڕێبەری باڵا گفتوگۆم کردووە و بڕوای وایە، وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی دەتوانن بێنە ئێران و بەبێ هیچ بەربەست و ڕێگرییەک وەبەرهێنان بکەن، ئەمە باوەڕی ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی ئێرانە، بەڵام بە داخەوە ئیسرائیل بوار بە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە نادات.

هەروا دەڵێت: ئێمە جەنگمان دەست پێ نەکرد و ناشمانەوێت درێژە بە جەنگ بدەین؛ دەشڵێت: لەو ڕۆژەوەی بەرپرسیارێتم لە ئەستۆ گرتووە، دروشمم یەکگرتوویی لە ناوخۆ و بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی و جیهان بووە.

پزیشکیان جەخت دەکاتەوە، کە گەلی ئێران توانای بەرگریی لە خۆی هەیە و نووسیویەتی: بڕوام وایە سەرۆکی ئەمەریکاش دەتوانێت دۆخەکە بە ئاراستەی ئاشتی و سەقامگیریی ڕێنمایی بکات و ناتانیاهۆش کۆنترۆڵ بکات و بە قسەکانی ناتانیاهۆ هەڵنەخەڵەتێت، چونکە دەتوانین بە دانوستان کێشە و ناکۆکۆییەکان چارە بکەین، هەربۆیە جگە لە ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان هیچ داواکارییەکی دیکەمان نەبووە، بەڵام ئەوە ناتانیاهۆیە ناوچەکەی خستووەتە نێو ئاژاوە.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی داوە، تاوانکارییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە، ئێرانی تووشی قەیران کردووە، هەروەها ئومێدەوارە بە تێپەڕاندنی قەیرانەکان بتوانن جارێکی دیکە لەگەڵ ئەمەریکا بگەڕێنەوە بۆ دانوستان، دەشڵێت: بەڵام تاکە مەرجی دەستپێکردنەوەی دانوستان، بوونی متمانەیە بە ڕەوتی دانوستان و ناکرێت جارێکی دیکە لە میانەی دانوستانەکان دەرفەت بە ئیسرائیل بدرێتەوە، هێرش یان جەنگ دەست پێ بکاتەوە، چونکە ئیسرائیل بۆمبارانی شوێنی کۆبوونەوەکانی ئێمەی کرد و لە "تیرۆرکردنی من و ژمارەیەکی دیکە" سەرکەوتوو نەبوو.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment