ترەمپ: چەک بۆ ئۆکرانیا دەنێرینەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا ناچار دەبێت چەکی زیاتر بۆ ئۆکرانیا بنێرێت.
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە دوای ئەوە دێت، هەفتەی ڕابردوو پنتاگۆن ڕایگەیاند، گەیاندنی هەندێک مووشەکی بەرگریی ئاسمانی و تەقەمەنی ڕێنمایی ورد و چەکی دیکە بۆ ئۆکرانیا ڕاگیران وەک بەشێک لە ڕاگرتنی چەک بەهۆی نیگەرانییەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە کەمی چەک لە کۆگاکانی.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "دەبێت چەکی زیاتر بنێرین. بە پلەی یەکەم چەکی بەرگریی"، هەروەها ناڕەزایی خۆی لە ڤلادیمێر پوتن هاوتا ڕووسییەکەی دووپاتکردەوە بەهۆی پابەندنەبوونی بە ئاشتی.
سەرۆکی ئەمەریکا لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆکراینییەکان "لەلایەن رووسیاوە هێرشی زۆریان دەکرێتە سەر و زۆریان لێ دەدرێت".