لە باکووری غەززە 19 سەربازی ئیسرائیلی کوژران و بریندار بوون

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانەکان لە باکووری غەززە، پێنج سەربازیان کوژراون و 14ـی دیکەش بریندار بوون کە دۆخی تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە.
سێشەممە، 8ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەچەکی قورس و بۆمبی چێندراو هێرش کرایە سەر سەربازانی سوپای ئیسرائیل، پێنج سەربازیان کوژراون و 14ـی دیکەش بریندار بوون کە دۆخی تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە
پەیامێک بۆ خانەوادەی سەربازێکی دیکە نێردراوە کە لە ڕووداوەکەدا کەوتووەتە خوارەوە، دواتر ناوی ئەو سەربازە بڵاودەکرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا سوپای ئیسرائیل، ناوی سەربازەکانی بڵاوکردەوە پلە داربوون و بریتین لە 'مائیر شەمعون تەمەن 20 ساڵ، موشیە نەسیم بارشی 20 ساڵان، بنیامین ئاسۆلین تەمەن 28 ساڵ، ناعوم ئەهارون موسگادیان تەمەن 20 ساڵ، هەروەها سوپای ئیسرائیل پەیامێکی بۆ خانەوادەی سەربازەکانی دیکە ناردووە کە بوونەتە قوربانی و دواتریش ناوەکانیان بڵاودەکاتەوە.
میدیا عیبریەکان ڕۆژی دووشەممە، ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی لایەنە فەڵەستینییەکان لە باکووری کەرتی غەززە، پێنج سەربازی ئیسرائیلی کوژراون و 10 کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێکیان ئەفسەرێکی باڵایە، هەروەها لە هێرشەکەدا سەربازێکی دیکەش بێسەروشوێن بووە.
میدیاکان ڕوونیشیانکردەوە، چەکدارانی فەڵەستینی لە بێت حانون، هێرشیان کردە سەر زرێپۆشێک کە سەربازانی ئیسرائیلی هەڵگرتبوو، تەقاندیانەوە، دواتر هێرشیان کردە سەر هێزێکی فریاگوزاریی ئیسرائیل کە دەیانویست هاوکاریی سەربازەکانی دیکە بکەن.