دەم پارتی بۆ کوردستان24: هەینی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بەڕێوەدەچێت

سەرچاوەیەک لە دەم پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕۆژی هەینی ڕێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
میدیاکانی تورکیا، زانیاری نوێیان لەبارەی کۆبوونەوەکەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، کۆبوونەوەکەی نێوانیان بەرهەمدار بووە، پرسەکان لە چوارچێوەیەکی فراواندا هەڵسەنگێندراوە، هەروەها گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەکە، پرۆسەی چەکدانان و وادەکەی بووە.
هاوکات ڕاشیگەیاندووە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی چۆنیەتی چەکدانان و بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە کراوە، یەکێکی دیکەش لە بابەتە گرنگەکان، دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی سەبارەت بە پرۆسەی 'تورکیای بەبێ تیرۆر' بووە.
میدیاکانی تورکیا، ئاماژەیان بەوەش کردووە، شاندی دەم پارتی بە ئەردۆغانییان ڕاگەیاندووە، کە دەخوازن کۆمیسیۆنەکە لە زووترین کات دابمەزرێت، هەروەها شاندەکە داوایەکیان ئاراستەی سەرۆک کۆماری وڵاتەکە کردووە، کە لەمەودوا تەنیا شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلان نەکات، بەڵکوو ئیدی ئەکادیمیست، نووسەران و سەرکردەی لایەنەکانی دیکەش بتوانن بچنە لای ئۆجەلان.
پەیوەست بە چەکدانانی پەکەکە، سەرچاوەیەک لەنێو دەم پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندووە، ڕێورەسمی چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە ڕۆژی هەینی لە ڕێورەسمێکدا، لە ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
گوتیشی: شاندێکی پارتەکەشییان رۆژی پێنجشەممە دەگەنە هەرێم و بۆ ڕۆژی هەینی ئامادەی ڕێورەسەکە دەبن، هەروەها بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی نوێ بڵاودەکاتەوە.
بە پێی زانیارییەکان، بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، رێوڕەسمەکە لە شوێن و کاتی خۆی کە دیارییان کردووە بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەبێ ئامادەبوونی میدیاکان دەبێت و پەخشی ڕاستەوخۆی چەکدانیش نابێت، دواتر دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکە لە ڕێگەی شاشەیەکەوە لە نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە چەکدانانی یەکەم گرووپی پەکەکە نمایش دەکرێت.