چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیسرائیلی: ناتانیاهۆ و شه‌رع به‌م نزیكانه كۆده‌بنه‌وه

چه‌ند میدیایه‌كی ئیسرائیلی ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاته‌كه‌یان و سه‌رۆك كۆماری سووریا به‌م نزیكانه له واشنتن كۆده‌بنه‌وه؛ هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی سووری ڕه‌تی ده‌كاته‌وه، سه‌رۆك كۆماری وڵاته‌كه‌ی له ئیمارات له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیسرائیلی كۆبووبێته‌وه.
سێشه‌ممه، 8ـی ته‌ممووزی 2025، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی میدیای ئیسرائیل بڵاویان كرده‌وه، بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل و ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆك كۆماری سووریا به‌ر له كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له مانگی ئه‌یلوولی ئه‌م ساڵدا كۆده‌بنه‌وه.
له‌م باره‌وه، كه‌ناڵی 24ـی ئیسرائیلی گوتوویه‌تی، كۆبوونه‌وه‌كه له كۆشكی سپی ده‌بێت و تێیدا ڕێككه‌وتنی ئه‌منی له نێوان هه‌ردوولادا به سه‌رپه‌رشتیی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا مۆر ده‌كرێت.
سه‌رچاوه ئیسرائیلییه‌كان باسیان له‌وه كردووه، كۆبوونه‌وه‌كه و مۆركردنی ڕێككه‌وتنه‌كه هه‌نگاوی یه‌كه‌م ده‌بێت بۆ ڕێككه‌وتنی ئاشتی و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان سووریا و ئیسرائیل.
هاوكات پێگه‌ی "ئیسرائیل ههییووم"، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، له‌م ڕۆژانه تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سه‌رۆكی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری سووریا سه‌ردانی دیمه‌شق ده‌كات به مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی ڕێككه‌وتنی نێوان سووریا و ئیسرائیل كه ئه‌مه‌ریكا گه‌ره‌نتی ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌كات.
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی ڕاگه‌یاندنی حكوومه‌تی سووریا ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه، كه باس له‌وه ده‌كه‌ن شه‌رع و تساحی هەنگبی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل ڕۆژی دووشه‌ممه، 7ـی ته‌ممووزی 2025، له ئه‌بوزه‌بی كۆبوونه‌ته‌وه.
دووشه‌ممه، 7ـی ته‌ممووزی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سه‌رۆكی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری سووریا له دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان ڕایگەیاند، گفتوگۆكانی نێوان سووریا و ئیسرائیل ده‌ستیان پێكردووه و هه‌مووان په‌له ده‌كه‌ن هه‌ردوولا بگه‌نه ڕێككه‌وتن.
نێردەی تایبەتی سه‌رۆكی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری سووریا جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه، ده‌یانه‌وێت شه‌ڕ و هێرشه‌كان له‌سه‌ر سنووری نێوان سووریا و ئیسرائیل ڕابگرن.
پێنجشەممە، 3ـی ته‌ممووزی 2025، تۆم باراک له لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز"، گوتی، ئیداره‌ی تره‌مپ ده‌خوازێت دیمه‌شق بچێته ناو ڕێككه‌وتننامه‌كانی ئیبراهیمی، هاوكات ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی نوێی كۆماری سووریا له‌م باره‌وه له ناوخۆی سووریا ڕووبه‌ڕووی دژایه‌تی و ناڕه‌زایه‌تیی ده‌بێته‌وه.