ڕێباز حەملان: بەم زووانە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارە دەکرێت

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی، ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مشتومڕێکی توند لە نێوان سوودانی و فوئاد حوسێن لەسەر پرسی مووچە، بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروست بوو. جەختی لەوە کردەوە، چارەکردنی کێشەی مووچە لە کۆتا قۆناغ دایە و بەم زووانە چارە دەکرێت.
چوارشەممە 9ـی تەممووزی 2025، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بە نامەیەکی دوور و درێژ قیادەی هەرێمم لێ ئاگادار کردەوە بە زانیاری و دۆکیومێنتی دروست کە ئەم پێشهاتانە ڕوودەدات، بەغدا نییەتی خراپتریشیان هەیە ئەگەر ئەم بابەتانەیان بۆ بچێتە سەر، قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێی دەکەن.
هاوەکات دەڵێت: من چەند مانگێك لە بەغدا بووم پیلان و عەقڵیەتی ئەوانم خوێندەوە كە نییەتیان چییە بەرانبەر بە هەرێم و دەستكەوتەكانی، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم 2025/1/11 بە ئامادەبوونی وەزیرە کوردەکان لە بەغدا و بەشێک لە سەرۆکی کوتلە کوردییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە وردی ئەم دۆخەی ئێستام بۆ باسکردن کە روودەدات.
جەختی لەوە کردەوە، ئەو کاتەی من باسم لەم پلانانە کرد کە دژی هەرێم بەرێوەیە، هەندێک بەرپرسی باڵای کورد لە حکوومەتی عێراق و هەندێک پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا، لەبەر بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان کە لێیان تێک نەچێت پێچەوانەی من قسەیان کرد .
یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی، ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مشتومڕێکی توند لە نێوان سوودانی و فوئاد حوسێن لەسەر پرسی مووچە، بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروست بوو.
ڕێباز حەملان، گوتی: ئەوەی ڕوودەدات لە بەغدا بەرانبەر بە کورد بۆ سێ هۆکار دەگەڕێتەوە:
1- پیلانێکی سیاسی زاڵمانەیە و بریارێکی نادەستووری و نادادییە.
2- بانگەشەی پێشوەختەی لایەنەکانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
3- دەستی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی ناو هەرێمە کە بەردەوام جێبەجێکاری پلانەکانی هەندێک لایەنی شۆڤێنی عێراقن لە هەرێم.