حکوومەتی سووریا: فیدرالیزم و هەر دابەشبوونێکی وڵات ڕەت دەکەینەوە
حكوومه‌تی سووریا پێشوازیی له هه‌ر جۆره ڕێگا و ئاراسته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات ده‌كات ببێتە هۆی بەهێزکردنی یه‌كڕیزی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی و دووركه‌وتنه‌وه له هه‌ر جۆرە دابەشبوونێک یان هێنانه ئارای سیستمی فیدراڵیزم.
چوارشه‌ممه، 9ـی ته‌ممووزی 2025، حكوومه‌تی سووریا ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه و تێیدا ڕایگه‌یاندووه، لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کراوە، حکوومەتی سووریا پێشوازیی لە هەر ڕێگا و ئاراسته‌یه‌ك ده‌كات، کە ببێتە هۆی به‌هێزبوونی یەکڕیزی و یەکپارچەیی خاکی سووریا، هەروەها سوپاسی هەوڵەکانی ئەمه‌ریکا دەکات بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه له پێناو پێداگیریی پاراستنی ئاسایش و یه‌كڕیزی خاك و گه‌لی سووریا.
حكوومه‌تی سووریا گوتووشیه‌تی، دیمه‌شق پابەندبوونی نەگۆڕی خۆی بە پرەنسیپی "یەک سووریا، یەک سوپا، یەک حکوومەت" دووپات دەکاتەوە و هەر جۆرە دابەشبوونێک یان فیدرالیزم ڕەت دەکاتەوە کە لەگەڵ سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی کۆماری عەرەبی سووریادا یه‌ك ناگرێته‌وه و ناكۆكه.
حكوومه‌تی سووریا ئاماژەی بەوەش کردووه، سوپای سووریا دامەزراوەی فه‌رمی نیشتمانییه و پارێزگاری له هه‌موو هاووڵاتییان ده‌كات، هەروەها دەوڵەت پێشوازیی لە بەشداریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات بۆ ناو ڕیزەکانی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسایی پەسەندکراوی سووریادا.
هه‌روه‌ها له به‌شێكی دیكه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی حكوومه‌تی سووریادا هاتووه: لە کاتێکدا حکوومەت له هه‌ندێك له‌و ئالنگارییانه تێ ده‌گات كه له ناو هه‌ندێك لایه‌نی ناو هه‌سه‌ده‌دا هه‌یه، به‌ڵام هاوكات هۆشداریی دەدات لەوەی هەر دواکەوتنێک لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ناکات، بەڵکوو دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و ڕێگری لە هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ هەموو ناوچەکانی سووریا دەکات.
ده‌شڵێت: حكوومه‌تی سووریا جەخت لەسەر پێویستی گەڕانەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات دەکاتەوە، لەوانەش دامەزراوە خزمەتگوزاری، تەندروستی، پەروەردە، و ئیدارەی ناوخۆییه‌كان بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاووڵاتیانی ئه‌و ناوچه‌یه و کۆتاییهێنان بە بۆشایی کارگێڕی و به‌هێزكردنی سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵگه.
حكوومه‌تی سووریا باسی له‌وه‌ش كردووه، ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە گرەوکردن لەسەر پرۆژەی جووداخوازی یان ئەجێندای دەرەکی گرەوێکی دۆڕاوە، ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە گەڕانەوەیە بۆ ناسنامەی سووریایه‌كی یەکگرتوو و بەشداریکردن لە پرۆژەی ده‌وڵه‌تی نیشتمانیی هه‌موو سوورییه‌كان.
حکوومەتی سووریا گوتووشیه‌تی، کورد بەشێکی دانەبڕاوه لە ستراكچه‌ری فره‌یی سووریا و بووە و هەرواش دەمێنێتەوە و هه‌موو سوورییه‌كانیش مافه‌كانیان وه‌كوو یه‌كدی پارێزراو و ڕێزلێگیراوه.