ئەمەریکا حووسییەکانی یەمەن بە ڕفاندنی چەند دەریاوانێک لە دەریای سوور تۆمەتبار دەکات

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە یەمەن، لە بەیاننامەیەکی تونددا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، یاخیبووانی حووسییەکانی تۆمەتبار کرد، بە ڕفاندنی ئەندامانی تیمی کەشتیی بارهەڵگری ئینتەر نیتی سی کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە دەریای سووردا کەوتە بەر هێرشی ئەو گرووپە.
لە بەیاننامەیەکەدا باڵیۆزخانەکە، ئیدانەی هێرشی سەر کەشتییەکەی کرد کە لەلایەن حووسییەکانەوە کراوە.
باڵیۆزخانەکە دەڵێت: "دوای کوشتنی هاوکەشتییەکان و نوقمکردنی کەشتییەکەیان و ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی ڕزگارکردن، تیرۆریستانی حووسییەکان زۆرێک لە ئەندامانی تیمی کەشتیی "ئیتەر نیتی سی"یان ڕفاندووە و لە ژیاندا ماون و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەلامەتیان دەکەین.
کەشتیی ئیتەر نیتی سی کەشتییەکی بارهەڵگری ئاڵای لیبریایە و لە یەکێک لە هێرشە دەریاییەکان، لەلایەن حووسییەکان هێرشی کرایە سەر، سوپای ئەمەریکا پێشتر پشتڕاستی کردبووەوە لە هێرشەکەدا چەندان ئەندامی تیمی کەشتییەکە کوژراون و چەند کەسێکی دیکەشی ناچارکردووە کەشتییەکە جێبهێڵن. لە ئەنجامدا زیانێکی زۆر بەر کەشتییەکە کەوت و نوقوم بوو.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە یەمەن کە لە دوای شەڕی ناوخۆی یەمەن لە دەرەوەی ڕیازی سعوودییە کاردەکات، داوای کرد تیمە ڕفێنراوەکان مامەڵەیەکی مرۆیییان لەگەڵدا بکرێت و بەبێ دواکەوتن ئازاد بکرێن.
هەروەها دەسەڵاتدارانی دەریایی نێودەوڵەتی و گرووپە مرۆییەکان نیگەرانی خۆیان لە چارەنووسی تیمە ڕفێنراوەکان دەربڕیوە و داوای دەستبەجێ هەنگاوی نێودەوڵەتییان کردووە بۆ ئازادکردنیان.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە کەرتی غەززە، لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023وە حوسییەکان زیاتر لە 100 هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور، هەروەها بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، بانگەشەی ئەوە دەکەن بەشێکە لە پشتیوانییەکانیان بۆ فەڵەستینییەکان لەنێو ململانێی غەززە، لە بەرانبەردا ئیسرائیل زۆرترین هێرشی کردووەتە سەر حووسییەکانی یەمەن و ژێرخانی ئەو وڵاتەی داتەپاندووە.