ئاکپارتی: پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، هەسەدە و پەیەدە و پژاکیش دەگرێتەوە

گوتەبێژی ئاکپارتی دەڵێت: پێویستە پرۆسەی چەک دانان پەکەکە بەبێ گرفت بەڕێوەبچێت و ڕەنگە چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک بخایەنێت.
هەینی، 11ـی تەمووزی 2025، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە، چەکدانان و هەڵوەشاندنەوە سێ بەشی سەرەکی لەخۆ دەگرێت. کە بریتین لە (پەکەکە) لە عێراق، (هەسەدە و پەیەدە) لە سوریا، پژاک لە ئێران.
عەمەر چەلیک گوتی: دەبێت تەواوی ئەمانە کۆتاییان پێبهێنرێت و ئەمە پڕۆژەیەکی دەوڵەتە، گرنگترین بابەتی پرۆسەی چەک دانان میکانیزمی پشتڕاستکردنەوەی دەزگا پەیوەندیدارەکانی تورکیایە کە ئەنجامی دەدەن ئاخۆ بە کردەیی پرۆسەی چەک دانانی بەڕێوە دەچێت یاخود نا.
باسی لەوەش کردووە، پێویستە هەنگاوەکانی داهاتوو بە شێوەیەکی بێ کێشە ئەنجام بدرێن بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە و ئەگەری هەیە ئەم پرۆسەیە چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک درێژ ببێتەوە .
ئاماژەی بەوە دا، رۆژی شەممە سەرۆک کۆمار یەکەم گوتاری خۆی لەسەر چەک دانانی پەکەکە و قۆناغی داهاتوو پێشکەش دەکات، گوتارێکی هەمەلایەنە و قووڵ دەبێت.
بڕیار وایە ئەمڕۆ هەینی، کاتژمێر 10ـی بەیانی، ڕێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بەڕێوەبچێت و ژمارەیەک چەکداری پەکەکە چەکەکانیان دانێن.