عراقچی: گەر ئەورووپا بێلایەنە با سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بکات

وەزیری دەرەوەی ئێران: وڵاتەکە بە ڕووی دانوستانی دادپەروەرانەدا کراوەیە، بە مەرجێک ئەمەریکا گەرەنتی ئەوە بکات کە لە کاتی دانوستانەکاندا هێرشیان ناکاتە سەر.
هەینی 11ـی تەممووزی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیایەکی فەرەنسی، ڕایگەیاند: گەر ئەورووپییەکان دەیانەوێت ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە بگێڕن لە پرسی ئەتۆمیی ئێران.
دەشڵێت: ئەگەر ئەورووپا بێلایەنە با سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بکات.
عراقچی دووپاتی کردەوە، ئێران بە ڕووی دانوستانی دادپەروەرانەدا کراوەیە، بە مەرجێک ئەمەریکا گەرەنتی ئەوە بکات کە لە کاتی دانوستانەکاندا هێرشیان ناکاتە سەر.
گوتیشی: تاران مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ مەبەستی ئاشتی هەیە، هەروەها پارێزگاری لە مافی پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی خۆی دەکات.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.