عەباس عراقچی: بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هانی ئیسرائیلی داوە هێرش بکاتە سەر وڵاتان

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی سووریا کرد و بە دەستدرێژییەکی پێشبینیکراوی وەسف کرتد، هۆشداری دا لەوەی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هانی ئیسرائیل دەدات هێرش بکاتە سەر وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
عەباس عراقچی، لە لێدوانێکدا کە لە تەلەفزیۆنی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە، بەداخەوە ئەوەی ڕوویدا بە تەواوی پێشبینیکراو بوو، پرسیارەکەی ئێستا ئەوەیە، لە داهاتوودا کام پایتەخت دەکرێتە ئامانج؟".
ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکبگرن بۆ کۆتاییهێنان بەم هەڵسوکەوتە شێتانەیە.
عراقچی جەختی کردەوە، ئێران بە تەواوی پشتیوانی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و لە بەرانبەر هێرش و پەرەسەندنە دەرەکیەکان، هەروەها بەردەوام لە پاڵ گەلی سووریا دەوەستێت.
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باڵەخانەی سەرۆکایەتی کۆماریی سووریا و سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای سووریا. هەروەها لە پارێزگای سوەیداش هێرشی کردە سەر سوپای سووریا.