کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا گرنگ و کاریگەرە

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پەیامێکی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی تورکیا و چەکدانانی گرووپێکی ئەندامانی پەکەکە لە 11ـی تەممووزی 2025 بڵاوکردەوە و تێیدا ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بەرزنرخاندووە لە سەرخستنی پرۆسەکە.
پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پەیامێکی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بڵاو کردووەتەوە و تێیدا پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەکە دووپات کردووەتەوە و دەڵێت: پێویستە تورکیا ببێتە وڵاتێکی فرە دەنگ و فرە ڕەنگ.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەڵێت، بە وردی چاودێریی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکەین، لەو باوەڕەداین ئاشتی و دیالۆگ هەموو کاتێک باشترین و سەرکەوتووترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا.
دەشڵێت: ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی لەسەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بەرز دەنرخێنین و چاودێریی هەنگاوە یەک لە دوای پرۆسەکە دەکەین، بە هیواین پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) درێژە بە خەباتی مەدەنی لە باکووری کوردستان بدەن و بە وەفادارییەکی زۆرەوە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکات بۆ برەودانی خەباتی نیشتمانی.
ئاماژە بەوە دەکات، ئاشتیی ڕاستەقینە چارەسەرێکی درێژخایەنە بۆ ئازادی و مافی کورد لە باکووری کوردستان و بە هۆی ئەمەوە سەردەمێکی نوێی لە تورکیا دەست پێ دەکات، سەردەمێک کە کورد تێیدا دەبێتە هاوبەشی تەواو.
کۆنفیدراسیۆن پێی وایە، ڕێگەی چەک و توندوتیژی و خەباتی چەکداری و ململانێ بێ ئەنجام دەبێت و دەبێت خەباتی چەکداریی بگۆڕێت بۆ خەباتی سیاسی مەدەنی.
دەڵێت: ئێمە پشتیوانی لە هەموو هەوڵێکی ئاشتیخوازانە بۆ مافی نەتەوەی گەلی کورد لە تورکیا دەکەین کە لە ڕێگای دیالۆگ و دیموکراسی چارەسەر بکرێت.