عەباس عراقچی: واشنتن بەرپرسیارە لە شکستی ڕێککەوتنی ئەتۆمی

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمەریکای بە بەرپرسیار زانی لە شکستی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و داوای لە ئەورووپا کرد، دەستبەرداری سیاسەتی فشارەکانی بێت.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نووسیویەتی: شەوی ڕابردوو لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵاتی ئەورووپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کۆنفرانسێکی کردووە و لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک هەڵوێستی ئێرانی بە ڕوونی و ڕاشکاوانە خستەڕوو.
عراقچی جەختی لەوە کردووەتەوە "ئەمەریکا نەک ئێران ئەو وڵاتەیە کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە کە لە ساڵی 2015 واژۆ کرابوو و دوای دوو ساڵ لە دانوستانکی چڕ بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا هات".
باسی لەوەش کرد، "هەر ئەمەریکاش بوو لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لە مێزی دانوستانەکان کشایەوە و بژاردەی سەربازیی لە ڕێڕەوی دیپلۆماسی پێ باشتر بوو".
جەختیشی کردەوە "هیچ گەڕێکی نوێی دانوستاندن ناکرێت، مەگەر لایەنی بەرامبەر ئامادەیی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی دادپەروەرانە و هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش نیشان نەدات".
عراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا و سێ وڵاتی ئەورووپی بیانەوێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن، دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و دەستبەرداری سیاسەتی هەڕەشە و فشار بن، کە بە بەسەرچوو وەسفی کردووە، لەنێویاندا هەڕەشەی چالاککردنی میکانیزمی "سناپباک"، کە بە بێ هیچ بنەمایەکی یاسایی و ئەخلاقی دەزانێت.