لە چوار مانگدا نزیکەی ملیۆنێك پەنابەری ئەفغانی لە ئێران دەرکراون

لە چوار مانگدا نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە ئێرانەوە ڕەوانەی وڵاتەکەیان کراونەتەوە؛ ژمارەکە دوای جەنگی ئێران و ئیسرائیل، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ئامارەکانی دەرکردنی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی مانگی ڕابردووی نێوان ئەو وڵاتە و ئیسرائیل هەڵکشان، ئەمەش دوای ئەوەی تۆمەتی کارکردن بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلیان بۆ هەڵبەستراوە.
بە گوێرەی ئاماری ڕێکخراوەکانی خۆجێیی ئەفغانستان؛ لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا، نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە ئێرانەوە ڕەوانەی وڵاتەکەیان کراونەتەوە.
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی پێنج بۆ شەش ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە ئێران ماون. تاران پلانی هەیە سەرجەم ئەو پەنابەرە ئەفغانییانەی کە مافی مانەوەیان نییە، دیپۆرت بکاتەوە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان، مافی مانەوەی بەشێکی زۆر لەو پەنابەرانەشی هەڵوەشاندووەتەوە کە ماوەی 20 بۆ 30 ساڵە لەو وڵاتە دەژین.