سەرۆک کۆماری ئێران: دەبێت ڕێز لە بۆچوونی خەڵک بگرین

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند، خەڵک هیواکانی دوژمنانیان لە گۆڕ نا و پشتیان لە وڵاتەکەیان نەکرد، بۆیە ئەمڕۆ ئەرکی ئێمە بۆ خزمەتکردنیان دوو بەرانبەر بووە.
شەممەمە، 19ـی تەممووز 2025، ئاژانسی هەواڵی میهر، بڵاوی کردەوە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک و جێگرانی دامەزراوەی شەهید و کاروباری خۆبەخشان و فیداکاران، گوتی: بڕیاری پێویست بۆ چارەکردنی خێرای دۆخی زیانلێکەوتووانی جەنگی 12 ڕۆژە دراوە و هەر کەموکوڕی و لاوازییەک لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەدا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
پزیشکیان هەروا گوتی: لە بواری نۆژەنکردنەوەی یەکە نیشتەجێییە زیانلێکەوتووەکانی پایتەخت، بڕیار درا کە شارەوانیی تاران ڕاستەوخۆ بەرپرسیار بێت لە دەستنیشانکردن و نۆژەنکردنەوەی ئەو یەکە زیانلێکەوتووانە و حکوومەتیش لەم ڕێگایەدا ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکە.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بە ڕەخنەی هاووڵاتیان دا و گوتی: ئێمە نابێت لەبەر بۆچوون و ڕای جیاواز، گومان لە خەڵک بکەین. بۆ نموونە، کچەکەم لە ڕۆژانی جەنگدا، سەرەڕای ناڕەزایی من و مەترسییە ئەمنییەکان، ئامادە نەبوو لێم دوور بکەوێتەوە؛ بەڵام ئەو، دەربارەی هەندێک بابەت، پێداگریی لەسەر بۆچوونی خۆی دەکات و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە لە بۆچوونەکەی پاشگەز بێتەوە؛ کەواتە دەبێت قبووڵی بکەین ئەگەر کەسێک بۆچوونێکی پێچەوانەی بۆچوونی ئێمەی هەبوو، مانای ئەوە نییە دوژمنی ئێمەیە، بەڵکوو لەوانەیە زۆر لەو کەسانە دڵسۆزتر بێت، کە بە ڕواڵەت پشتیوانمانن، بەڵام لە ڕاستیدا وا نین.
پزیشکیان هەروا گوتی: نابێت تەنها بە دەربڕینی بۆچوونێکی پێچەوانە، کەسێک بە دوژمن دابنێین. ئەم خەڵکە نیشانیان داوە و سەلماندوویانە کە ئامادەن گیانی خۆیان بکەنە قوربانی وڵاتەکەیان.
سەرۆک کۆماری ئێران، لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی کۆچبەرانی ئەفغان و گەڕاندنەوەی کۆچبەرە ئەفغانە نایاساییەکان کرد و گوتی: "ناتوانرێت بگوترێت کە کارێک لەم ئاست و چەندایەتییەدا بێکێشە بەڕێوە دەچێت؛ بەڵام دەبێت هەوڵ بدرێت گەڕاندنەوەی ئەم کۆچبەرانە بەوپەڕی ڕێز و ئارامییەوە جێبەجێ بکرێت، ئەمەش بە وەزیری ناوخۆ ڕاگەیەنراوە."
سەرۆک کۆماری ئێران، ئاماژەی بەوەش دا "ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، بانگەشەی دڵسۆزیی ئەو کەسانەیە کە چاویان لەسەر کوشتاری ژنان و منداڵانی بێتاوان بە بۆمب و لەوەش خراپتر، ڕێگریی لە گەیشتنی خۆراک و دەرمان و برسیکردنیان پۆشیوە، کەچی چۆنییەتی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانیان لە لایەن حکوومەتی ئێمەوە، وەک پێشێلکردنی مافی مرۆڤ زەق کردووەتەوە."