هاووڵاتییانی هەولێر: سەرۆکی حکوومەت ئاواتی دەیان ساڵەی بۆ هێناینە دی

دانیشتووانی هەشتی حەسارۆک و بنەسڵاوە: بە گەیشتنی ئاوی فریاگوزاریی خێرا لە بێئاوی ڕزگارمان بوو

ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، قۆناغی یەکەمی پرۆژەی خزمەتگوزاری ئاوی خێرای هەولێر بە سەرپەرستی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

هاووڵاتییەکی گەڕەکی هشتی حەسارۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو پرۆژەیە نەک تەنیا بۆ هەشتی حەسارۆک بۆ تەواوی هەولێر، پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیجیی و زۆر پێویست بوو، لە ساڵی 1992وەوە تاکوو ئێستا گەورەترین پرۆژە کە بۆ هەولێر کرا بێت، ئەم پرۆژەیە، چونکە خەڵکی گرفتێکی زۆری کەمئاوی هەبوو، بە پارە ئاوی دەکڕی، هەشتی حەسارۆکیش بەدەر نەبوو لەو گرفتە، گەورەترین کێشەش لە هەشتی حەسارۆک نەبوونی ئاو بوو، بەڵام پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێرا کۆتایی بە قەیرانی کەمئاوی شاری هەولێر هێنا، ئێمە زۆر سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەین.

دەشڵێت: ئاوەکە تاقیکرایەوە، تەنیا ئەوە ماوە ئاوەکە بە تۆڕەکەدا بێت، هەروەها لەگەڵ گەیشتنی ئەو ئاوە، 12 ڕۆژە دروست کردنی خانوو خێرا بووە لەم گەڕەکە و خەڵکی ئێستا بە بێ گرفت خانوو دروست دەکات، چونکە دەزانێت خزمەتگوزاری هەیە یەکێکیش لەو خزمەتگوزاریانە ئاوە کە سەرچاوەی ژیانە.

هاووڵاتییەکی دیکەی هەشتی حەسارۆک دەلێت: "دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت دەکەم، بڕیاری خزمەتگوزاری زەوی دابەش دوو زۆر گرنگ بوو بۆ هەشتی حەسارۆک، چونکە ئەو بڕیارەی سەرۆک وەزیران بووە هۆی ئاوەدانی بۆ ئەم گەڕەکە، ئەمڕۆش ئەم پرۆژە لە هەولێر دەکاتەوە، دەبێتە دڵخۆشییەکی گەورە بۆ ئێمە بۆ تەواوی دانیشتوان کە 20 ساڵە ئەم گەرەکە کێشەی سەرەکی ئاوی هەبوو، ئێستاش ئەو بۆڕی ئاوە بە ناوەراستی هەشتی حەسارۆکدا هاتووە، داواکاریشین بە زووترین کات تۆڕی ئاوەکەمان بۆ دابنێت بەتایبەت بۆ ئەو گەڕەکانی کە خانوو تێیدا دروست کراوە.

هاووڵاتییەکی دیکەی توڕەق دەڵێت: دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیران دەکەین، ئاوێکی ئەوەندە بەهێز دێتە ماڵەکەم مزەخەکەم هەڵگرتووە، پێشووتر ئاومان ئەوەندە کەم بوو بێزار بووم ئەوەندی مزەخە هەڵکەم، سەرۆک وەزیرانمان ئیش و کارەکانی جێگەی شانازییە.

سەعدی وەک بە تەمەنێکی گەڕەکی هەشتی حەسارۆکی شاری هەولێر گوتی: زۆر دڵخۆشم بە کردنەوەی ئەم پرۆژەیە و دەستخۆشیش لە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکەم، کارێکی زۆر گەورەی کرد بۆ هەولێر، تائێستا ئێمە هیچ هیوایەکمان نەبوو، بۆ چارەکردنی گرفتی کەمئاوی، بەڵام ئێستا ئاومان ئەوەندە لێ نزیکە باوەڕ بە چاوەکانی خۆمان ناکەین.

لەلایەکی دیکەوە دانیشتوویەکی بنەسلاوە دەڵێت: سێ ڕۆژە ئاوێکی زۆر باشمان هەیە، لە ڕابردوودا ئاوەکەمان بیر بوو زۆر خراپ بووین و گرفتی کەمئاویمان هەبوو، هەندێک ماڵ ئاوی دەهات، هەندێکی ئاوی هەر پێ نەدەگەیشت، بەڵام بە دروستکردنی ئەم پرۆژەیە، هیچ کێشە و گرفتێکمان نەما، ئێستا ئاو بەبێ ترومپای ئاوی دەگاتە تانکی سەربان، زۆر سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەین، کارێکی زۆر باشی بۆ کردین.

دەشڵێت: داواکارین بۆ ئەو پرۆژەیە، سزایەک هەبێت بۆ ئەو ماڵانەی کە ئاوەکە بە فیڕۆ دەدەن، تاکوو جارێکی دیکە تووشی گرفتی کەمئاوی نەبینەوە.

هەروەها میراوێکی سەربیرەکان گوتی: لە کاتژمێر 3:30ـی دوێنێ ئێوارەوە لەلایەن بەڕێوەبەری ئاوبارەوە ئاگادار کرامەوە، کە قفلەکان هەمووی بکەمەوە و بیرەکانیش بکوژێنمەوە و لە ناو دائیرەدا دەستبکەمەوە بە کار.

گوتیشی: گرفتێکی گەورەی کەمئاوی لە بنەسڵاوە هەبوو، لە ساڵی 2020وە ئاوەکە باشبوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەتەواوی گرفتی کەمئاوی تەنگی پێ هەڵچنیبووین، بە دوو بیر ئاو نەدەهات و خەڵکیش هەبوو باوەڕی نە دەکرد، تەجاوزی ئاویش هەیە و هاووڵاتیش فێربووە پێوەرەکانی ئاو لێ دەکاتەوە، بۆیە داواکارین سزایەک بۆ ئەو کەسانە دیاری بکرێت کە ئاوەکە بەفیڕۆ دەدەن.

هاووڵاتییەکی دیکەی بنەسڵاوە دەڵێت: وشکەساڵییە و بیرەکان ئاوی پێدا نایەت، لە مانگی ئایارەوە تاکوو ئیستا من ئاو دەکڕم، چاوەڕێم ئەو پڕۆژەیەم پێ بگات تاکوو ڕزگارم بێت لەو گرفتە، دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەڕاستی پڕۆژەیەکی جوان و باشی بۆ کردووین، پرۆژەکە وەکو پرۆژەی ڕووناکییە، حکوومەت کارەبایەکی باشی پێداوین هیوادارین پرۆژەی خێرای فریاگوزاری ئاو وەکو ئەو کارەبایە بێت بەڵکو ئێمەش ئیتر ئاسوودە دەبین.

لە قۆناخی یەکەمدا، ئەم پرۆژەیە ئاوی خاوێنی بەردەوام بۆ ئەم گەڕەکانەی دابین دەکات، کە لە ماوەکانی ڕابردوودا گرفتی کەمئاوییان هەبووە، لەوانە: ڕەشکین، 32 پارک، توڕەق، شاری ئالان، شاری دیاری، باغڵومنارە، مامزاوە، قەتەوی، ژیان، ڕۆشنبیری، فەرمانبەران، زەیتون سیتی، دارەتوو، بنەسڵاوە، هیران سیتی، ئاڵتون سیتی، گەلاوێژ، ئاوێنەی شار، بێرکۆتی نوێ، تەعجیلی نوێ، 8 و 5ـی حەسارۆک، هاوکاری، کەسنەزان، زیلان، لاوان، ئاییندەی دوو، ئەندازیاران، ئاشتی و قەڵاتی نوێ. 

يه‌كشه‌ممه‌، 8ـی ئه‌يلوولى 2024، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ردى بناغه‌ى پرۆژه‌ى فرياگوزاریی خێراى ئاوى هه‌ولێری دانا، پرۆژەکە بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار، له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ 550 ڕۆژ جێبەجێ دەکرێت و به‌ ته‌واوبوونى پرۆژه‌كه،‌ كێشه‌ى كه‌مئاوى له‌ شارى هه‌ولێر به‌ ڕێژه‌ى 100% چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment