ئێران و سێ وڵاتە ئەورووپییەکە دەست بە دانوستانی ئەتۆمی دەکەنەوە

حکوومەتی ئێران ڕەزامەندیی خۆی بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا دەربارەی دۆسییەی ئەتۆمی ڕاگەیاند.

یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگەداری حکوومەتی ئیران، ڕایگەیاند، تاران ڕەزامەندیی بۆ دەستپێکردنی دانوستان دەربارەی دۆسییەی ئەتۆمی ئێران، لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەکە گوتوویەتی: ئێران ڕەزامەندیی بۆ دەستپێکردنی دانوستان دەربڕیوە، بەڵام کاتی دانوستانەکە و وردەکارییەکانی و لە کام وڵات دەبێت، هێشتا دیاری نەکراون.

بە گوێرەی پەیامنێری ئاژانسی تەسنیم، دانوستانەکان لەسەر ئاستی یاریدەدەرانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە دەبێت.

بەرپرسانی ئەورووپیی لەوە دڵنیان کە ڕەزامەندیی لایەنە سەرەکییەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئیران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتیی ئەتۆمی، کارێکی ئاسان نییە، بە تایبەت ئەگەر ڕێککەوتنەکە وڵاتانی ئەورووپیی و زلهێزەکانی دیکەی جیهانیش تێیدا بەشدار بن.

ڕۆژی یەکشەممە، 22ی حوزەیرانی 2025، هاوکات لەگەڵ جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، فڕۆکەکانی ئەمریکا سێ ناوەندی ئەتۆمیی ئێرانیان بۆردومان کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment