ئێران.. هێرشەکانی ئیسرائیل زیانی بە زیاتر لە دوو هەزار یەکەی نیشتەجێبوون گەیاندووە

دیمەنی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی ئێران دوای ئەوەی لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆمباران کرا
دیمەنی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی ئێران دوای ئەوەی لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆمباران کرا

تاوەكو ئێستا بەشێكی دانیشتووانی تارانی پایتەختی ئێران ئەوانەی باڵەخانەكانیان بەھۆی ھێرشەكانی ئێسرائێل زیانیان بەركەوتووە لە ھۆتێلەكاندا دەمێننەوە. 

كاریگەری جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێسرائیل و ئێران، ھێشتا بەسەر شاری تارانەوە دیارە. گەڕەكی شەھید چەمران، ئەو ناوچەیەی بەشێكی ناوەند و بارەگای سوپای پاسدراران لەخۆدەگرێت. ئەم شوێنە چەندین جار بووە ئامانجی فرۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل كە بەھۆیەوە چەندین یەكەی نیشتەجێبوون زیانیان بەركەوت..

دانیشتوویەکی تاران دەڵێت: "دەرگاکەم کردەوە و بینیم تەواوی بلۆکەكان داڕماون. دڵم نزیک بوو بوەستێت. هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات ڕۆژێك ئەم بینایانە بەم شێوەیە بڕوخێن. دیوارە کۆنکرێتییەکان ئەوەندە بەهێز بوون تەنانەت بزماریان تێنەدەچوو."

لە ماوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، زۆرترین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری تاران بوون. بە گوێرەی ئامارەكانی دامەزراوەی خۆپارێزی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی تاران، نزیكەی 8 ھەزار و 200 یەکەی نیشتەجێبوون لە 13 ناوچەی تاران زیانیان بەركەوتووە و بەھۆیەوە نزیكەی 500 خێزان ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشتووە و بە شێوەیەکی کاتی لە ھوتێلەكان نیشتەجێ کراون. پرۆسەی نۆژەنکردنەوە باڵەخانە و یەكەكانی نیشتەجێبوون بەردەوامە و نزیکەی 5 هەزار یەکە بە ڕێژەی 95 لەسەدا كارەكانیان تەواو بووە.

"دانیشتوویەکی دیکەی تاران دەڵێت: "ئەمە بە ڕوونی لاوازی و ترسی ئیسرائیل نیشان دەدات. ھاوشێوەی کەسێک كە دەترسێت، لەوكاتەدا سەرگەردانە و ناتوانێت لێكدانەوە بۆ دۆخەكە ببات، بۆیە پەنا بۆ ھێرشی لەوجۆرە دەبات و هەموو شتێک لەناودەبات."

لە 13ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتریش ئێران بە مووشەکی بالیستی وەڵامی دایەوە. بە پێی ئامارە فەرمییەکانی حكوومەتی ئێران، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا زیاتر لە ھەزار کەس کوژران كە نزیكەی 700 كەسیان خەڵكی سڤیل بوون..

 
Fly Erbil Advertisment