ژمارەیەک گەنجی کورد بەهۆی قسەکردنیان بە زمانی کوردی لە دیمەشق دەستگیرکران

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیاند، ڕۆژی هەینی مەفرەزەیەکی سەر بە ئاسایشی گشتیی لە دیمەشق پێنج گەنجی کوردیان لە گەڕەکی مەززەی ئەو شارە لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی دەستگیر کرد.
یەکشەممە، 20ی تەممووزی 2025، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک کە بە ڕوانگەی سووریان ڕاگەیاندووە، ئەو گەنجانە خەڵکی دەورووبەری عەفرینن و لە کاتێکدا دەستگیرکراون، کە لە شوێنێکی گشتیی بە زمانی دایکیان قسەیان کردووە.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، کاتێک ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان چۆتە لایان و لێی پرسیون: ئێوە کوردن؟ کاتێک بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی چەکداری گەیشتوونەتە لایان و هەر پێنجیان دەستگیر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ڕوانگەی سووری جەختی لەوە کردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا ئەو پێنج گەنجە لە دەستی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکوومەتی نوێی سووریادا ماونەتەوە و هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسیان و ئەو شوێنە ڕانەگەیەنراوە، کە بۆی گوازراونەتەوە.