ئیسرائیل پلانێکی نوێ بۆ جێگرەوەی شارە مرۆیییەکان ئامادە دەکات

کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل پلانێکی بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززە ئامادە کردووە وەک جێگرەوەیەکی "شارە مرۆییەکان".
ئەو سەرچاوانە بە کەناڵی 12ی ئیسرائیلیان ڕاگەیاندووە، ئەو پلانەی سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل خراوەتەڕوو، بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی ڕووبەرێکی زۆر گەورەتری زەوی لە غەززە و ئامادەکاریی بەرفراوانتر بەدرێژایی هێڵەکانی پێشەوە.
پشتڕاستیشیان کردەوە 'پلانی کۆنترۆڵکردنی غەززە' لە نێو وەزیرانی ئیسرائیلدا قبوڵکردنی بەرفراوانی هەیە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، پلانی نوێی کۆنترۆڵکردن لە ئەگەری شکستی دانوستانەکانی غەززە یان ئەگەر نەگەیشتنە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە، لەوانەش کۆتاییهێنان بە شەڕ، دوای ماوەی 60 ڕۆژە جێبەجێ دەکرێت.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە کەناڵی 12ـی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، "ناوبژیوانان و ئیسرائیل هێشتا چاوەڕوانی وەڵامی حەماسن بۆ ئاگربەستی پێشنیازکراوی غەززە."
بەگوێرەی کەناڵەکە بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکی و ئیسرائیلی، ناوبژیوانانی دانوستانەکان پێیان وایە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حەماس دایە.
ئەو بەرپرسانە جەختیان لەوە کردەوە حەماس دەبێت لەم قۆناغەدا نەرمی نیشان بدات، بۆ پێشخستنی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و ئاگربەست.
بەگوێرەی ئەو کەناڵە ئیسرائیلییە، سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس لە دۆحە مەیلیان بەرەو پاڵپشتیکردنی ئەو پێشنیازەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوون لەلایەن سەرکردایەتی باڵی سەربازی لە غەززە نەدراوەتەوە.