حکوومەتی سووریا سەدان کەسی بەدەویی لە پارێزگای سوەیدا دەگوازێتەوە

حکوومەتی سووریا بۆ گواستنەوەی سەدان کەسی بەدەوییەکان، پاسی ناردووەتە پارێزگای سوەیدا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتە لەگەڵ لایەنەکانی پارێزگای سوەیدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە.
ئاژانسی هەواڵی سووریا 'سانا' بڵاوی کردەوە، دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا، حکوومەتی سووریا پاسی بۆ گواستنەوەی 1500 کەسی هۆزە بەدەوییەکان ناردووەتە پارێزگاکە.
ئەحمەد دالاتی، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای سوەیدا، ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەو بنەماڵە بەدەویانەی لەو پارێزگایە دەستبەسەر کراون ئازاد دەکرێن.
ئەحمەد دالاتی ئاماژەی بەوەدا، گەرەنتی گەڕانەوەی ئەم خێزانانە بە سەلامەتی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی پابەندبوونی دەوڵەت بە پاراستنی هەموو هاووڵاتیان و یەکگرتوویی نیشتمان.
جەختیشی کردەوە کە هەموو لایەنەکان پابەندن بە ئاگربەست، دەبێت ڕێگە بە دامودەزگاکانی دەوڵەت بدەن ڕۆڵی خۆیان لە گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ پارێزگاکە بگێڕن.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو سەرۆکایەتیی سووریا ئاگربەستی لە سوەیدا لە نێوان هۆزەکانی سووریا و درووزەکانی ڕاگەیاند و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بە سزای لێپرسینەوە پابەندی ڕێککەوتنەکە بن.
ڕۆژی یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، تیمەکانی بەرگری شارستانی سووریا 73 هاووڵاتی مەدەنییان لەپارێزگای سوەیدا بۆ بەسەڕی شام گواستەوە کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ بوون.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماری قوربانییانی شەڕ و گرژییەکانی پارێزگای سوەیدای بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، لە سەرەتایی دروستبوونی ناکۆکییەکانەوە تاوەکوو ئێستا 427 چەکدار و 298 خەڵکی مەدەنی درووزەکان کوژراون، کە 194ـیان لەلایەن وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سووریا لە سێدارە دراون.
هەروەها ئاماژەشی داوە، 354 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت و 21 بەدەوییش لە شەڕ و پێکدادانەکان کوژراون، هاوکات 15 سەربازی دیکەی حکوومەت بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کوژراون.
نزیکەی هەفتەیەکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان ڕووی داوە، دواتر هێزەکانی حکوومەت و سوپای ئیسرائیل دەستتێوەردانیان کرد و گرژییەکان فراوانتر بوون.
