سوودانی و مایكڵ كۆرێلا په‌یوه‌ندی و هاریكارییه‌كانی نێوان عێراق و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تییان تاوتوێ كرد

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا تاوتوێی پرسه‌كانی تایبه‌ت به ئاسایش، سه‌قامگیری و پرسه په‌یوه‌ندیداره‌كانی نێوان به‌غدا و واشنتن و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی ده‌كه‌ن.
دووشه‌ممه، 21ـی ته‌ممووزی 2025، نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاوی كرده‌وه، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی و مایكڵ كۆرێلا، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا كۆبوونه‌وه و تاوتوێی گرنگیی سه‌قامگیریی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریان له عێراق و سووریا كرد.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه كیڤن لامپارت، فه‌رمانده‌ی نوێی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له عێراق و سووریاش به‌شدار بوو، هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی و هاریكارییه‌كانی نێوان عێراق و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و قۆناغه‌كانی گواستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه ئه‌منییه دووقۆڵییه‌كان كرد.
نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت بووه به هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی لێژنه‌ی هاوبه‌شی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا و هاریكاری و هه‌ماهه‌نگییه ئه‌منییه‌كان و پێشهاته‌كانی سووریا و لێكه‌وته و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ئاسایشیی هه‌رێمی.
نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گوتووشیه‌تی، سوودانی جه‌ختی له‌سه‌ر سه‌قامگیریی و دووركه‌وتنه‌وه له هۆكاره‌كانی فراوانبوونی ململانێكان و چالاككردنی په‌یوه‌ندی و هاریكارییه دیپلۆماسییه‌كان كردووه‌ته‌وه.