سەرۆکی میت لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا تاوتوێی پرۆسەی ئاشتییان کرد

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە تاوتوێ پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکەیان کرد.

دووشەممە، 21ی تەممووزی 2025، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، سەردانی سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد.

لە سەردانەکەی دا، بە جیا لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، دواتر لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆک فراکسیۆنی ئاکپارتی کۆبووە.

هەروەها دوای نیوەڕۆ، سەردانی دەم پارتی کرد و لەگەڵ تولای هاتیمئۆغوڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی و هەروەها گوڵستان کڵچ کۆچیغیت و سەزایی تەمەللی، جێگرانی سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی کۆبوویەوە، لە کۆبوونەوەکە دا تاوتوێ پرۆسەی نوێی ئاشتی و پرۆسەی چەک دانانی پەکەکەیان کرد.

هاوکات باس لەوە دەکرێت ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ بەرپرسانی ئیی پارتی و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە کۆببێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە سەردانەکەی کاڵن لە کاتێکدایە چاوەڕێ دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی دابمەزرێت و زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە ئامادە بکات.

ڕۆژی هەینی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.

Fly Erbil Advertisment