دەسەڵاتی دادوەریی ئێران: هەندێ بۆچوون زیان بە ئاسایشی کۆمەڵگە دەگەیەنن

گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، هۆشداری دەربارەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی بێبنەما و ناڕاست، دا و گوتی: بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە زانیارییانە، زیان بە ئاسایشی دەروونیی کۆمەڵگە دەگەیەنێت.

سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، ئەسغەر جیهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕەخنەی لە هەندێ ڕا و بۆچوونی کەسانێک کە پێشتر بەرپرسیارەتییان لەناو دامودەزگا حکوومەتییەکاندا هەبووە، گرت و گوتی: هەندێک لەوانە، بەبێ هیچ بەڵگە و بنەمایەکی باوەڕپێکراو، لە میدیا و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕا و بۆچۆنی ناڕاستیان بڵاو کردووەتەوە؛ ئەمە دەبێتە هۆی شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی نەگونجاو و لە کۆتاییدا ئاسایشی دەروونی کۆمەڵگە دەهەژێنێت و بیروبۆچوونی خەڵک بە لاڕێدا دەبات.

جیهانگیر، هەروا گوتی: دەزگا دادوەرییەکان، لەم بوارەدا ئەرکی یاسایی خۆیان جێبەجێ دەکەن و ڕێگە نادەن ئەو هاوئاهەنگی و ئارامییەی لە سایەی یەکێتیی خەڵک و ڕێنماییەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وە دەست هاتووە، بە گوتاری نەگونجاو و قسەی بێبنەما، لەکەدار بکرێت یان ببنە هۆکارێک بۆ ئەوەی دوژمنان بە زیانی ئێمە سوودیان لێ وەربگرن. 

گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، بە توندی هۆشداری بە خاوەنانی پێگە میدیاییەکان داو و گوتی: لە هەموو ئەو کەسانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندییان بە خەڵکەوە هەیە، بە تایبەتی ئەوانە لە بواری میدیاییدا کار دەکەن، دەخوازم "پێش ڕاگەیاندنی هەر بیر و بۆچوونێکیان، لە ڕاستی زانیاری و بەڵگەنامەکانیان دڵنیا بن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی پەیام و شرۆڤەی ناڕاست بە دوور بگرن."

جیهانگیر، لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە لەوەی "دۆخی ئێستای وڵاتەکەمان تایبەت و هەستیارە، بڵاوکردنەوەی قسەیەکی ناڕەوا، یان ڕایەکی بێبنەما، لەوانەیە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و شڵەژانی باری کۆمەڵایەتی و هەستی ئاسایش لە ناو هاووڵاتیاندا. ئەمە کارێکی نەگونجاو و ناڕاستە و بەدواداچوون و لێپێچینەوەی یاسایی بەرانبەر دەکرێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment