حکوومەتی ئەڵمانیا 43 پەنابەری عێراقی دیپۆرتی بەغدا کردەوە

حکوومەتی ئەڵمانیا لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە، ئەمڕۆ 43 پەنابەر دیپۆرتی بەغدا کراونەتەوە. 

سێشەممە 22ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند: 43 پەنابەر کە سەرجەمیان لە ڕەگەزی نێر بوونە و هاووڵاتی عێراقی بوونە، ئەمڕۆ دیپۆرتی بەغدا کرانەوە، بە هۆکاری ئەوەی بەشێکیان پێشینەی تاوانیان هەبووە، بەشێکی دیکەشیان مافی مانەوەیان ڕەت کراوەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا (DPA) ، چاودێری دیپۆرتکردنەوەکەی کردووە کە بە شێوەیەکی نهێنی دوور لە چاوی میدیا بەڕێوەچووە و، بە پێی ئاژانسەکە، هێزێکی گەورەی پۆلیس سەرپەرشتی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی کردووە. 

بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، ساڵی 2024 زیاد لە 800 پەنابەری عێراقی دیپۆرتکراونەتەوە. ئەم هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەیەش دوای ڕێککەوتنێکی حکوومەتی سوودانی و حکوومەتی ئەڵمانیا دێت، کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2023، بەغدا بە دیپۆرتکردنەوەی عێراقییەکان ڕازی بوو، لەو کاتەوە هەموو مانگێک 50 تا 100 کەس دیپۆرت دەکرێنەوە. 

ئەلێکساندەر دۆبرینتی، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، بە ڕۆژنامەی بیڵدی ڕاگەیاندووە، کە دەیەوێت پەنابەری زیاتر دیپۆرت بکرێنەوە و، ڕێککەوتنی زیاتر بۆ ناردنەوەی پەنابەران لەگەڵ وڵاتان و وڵاتی سێیەم ئەنجام بدەن و هەروەها توندتر ڕووبەڕووی قاچاخچییەکان ببنەوە. 

ڕۆژی هەینی ڕابردوو 81 پەنابەری ئەفغانی کە پێشینەی تاوانیان هەبوو، دیپۆرتی کابول کرانەوە، هەروەها حکوومەتی ئەڵمانیا دەیەوێت لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا ڕێکبکەوێت بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سووریاش.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment