مەسعود پزیشکیان: کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی تەنیا خەیاڵە

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، ئامادەن بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ئیسرائیل، دووپاتیشی کردەوە، ئەو بانگەشانەی بۆ نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکرێن، تەنیا خەیاڵە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، گوتی: هێزەکانی ئێران ئامادەن بۆ لێدان لە قوڵایی ئیسرائیل، دەشڵێت: ئەو بانگەشانەی بۆ نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکرێن، تەنیا خەیاڵە.
ڕاشیگەیاند، ئیسرائیل گورزی کوشندەی لە وڵاتەکەی داوە، بەڵام ئێرانیش زۆر بەهێز لە قوڵایی ئیسرائیلی داوە، هەر لەبەر ئەوەشە زیانەکانی خۆیان ئاشکرا نەکردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل نایەوێت کەس باسی سەرکەوتنی هێرشە مووشەکیەکانی ئێران بکات، داوای ڕاگرتنی شەڕیش ئاماژەیەکی ڕوون بوو لە سەرکەوتنەکانی ئێران.
سەرۆک کۆماری ئێران ڕوونیشی کردەوە، وڵاتەکەی جەنگی ناوێت، هەروەها باوەڕی بەوە نییە ئاگربەست کۆتایی بێت، جەختیشی کردەوە، بە بەهێزی بەرگری لە خۆیان دەکەن.
پزیشکیان دانی بەوەدانا، هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر وڵاتەکەی هەبووە، بەڵام سوودیان لە تەکنۆلۆژیا و تواناکانی ئەمەریکا وەرگرتووە، جەختیشی کردەوە کە ئێران ملکەچ نابێت، بەڵام باوەڕی بە دیپلۆماسی و گفتوگۆ هەیە.
سەربارەت بە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پزیشکیان گوتی: "دۆناڵد ترەمپ دەڵێت لە هێرشەکاندا بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بەتەواوی لەناو بردووە، ئەمە "خەیاڵە"، چونکە توانای ئەتۆمی ئێمە لە مێشکی زاناکانمانە نەک دامەزراوەکان."
باسی لەوەش کرد، بەردەوامن لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەکانیان، بەڵام لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی. دەشڵێت: سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئێران نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، تارانیش ئەمە قبووڵ دەکات.
مەسعود پزیشکیان ڕایگەیاند، هەر دانوستانێکی داهاتوو لەگەڵ ئەمەریکا دەبێت لەسەر بنەمای بردنەوە و سەرکەوتن بۆ هەردوولا بێت.