بەرگریی تورکیا: دیمەشق بە فەرمی داوای هاوکاریی سەربازی کردووە

حکوومەتی سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکداران داوای هاوکاریی لۆجستی لە تورکیا کردووە

بەهۆی شەڕی چەکداری ناوخۆی سووریا، بە تایبەت لە پارێزگای سوەیدا و بەردەوامبوونی پێکدادانەکان، حکوومەتی دیمەشق ناچاربووە هانا بۆ حکوومەتی تورکیا ببات و داوای هاوکاریی سەربازی بکات.

کەناڵی TRTـی تورکیا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی ئاشکرای کردووە، حکوومەتی دیمەشق بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی و بەرەنگاربوونەوەی گرووپ و ڕێکخراوە چەکدارییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەت، بە فەرمی داوای لە حکوومەتی تورکیا کردووە هاوکاریی و پشتیوانیان بکات.

سەرچاوەکان لە بارەی دۆخی ئێستای سوەیدا و هێرشەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، ئەوەی لەلایەن تورکیاوە مەبەستە، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و هاوکاریی دیمەشقە لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپ و "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان".

هەروەها ئاشکرایان کردووە، هەوڵەکانی سوپای تورکیا لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزە فەرمییەکانی سووریا، لە لایەنی مەشق و ڕاهێنان و پاڵپشتی تەکنیکی و کاری ڕاوێژکاریی بەردەوامە.

جەختیان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووەتەوە و ئاماژەیانداوە، هەسەدە ناچارە بە تەواوی پابەندی ڕێککەوتنەکەی دیمەشق بێت، چونکە هەڵوەشاندنەوە و تێکەڵبوونیان بە هێزەکانی حکوومەتی دیمەشق، خزمەتێکی زیاتر بە سەقامگیری و یەکپارچەیی سووریا دەکات.

هاوکات ئاماژەیانداوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سووریا دەکات.

سێشه‌ممه‌، 22ـی ته‌ممووزی 2025، ئه‌بجه‌ر داوود، گوته‌بێژی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ڕایگه‌یاند، له‌ سایه‌ی ئاڵۆزییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی سووریا و هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش، مه‌حاڵه‌ چه‌ك دابنێن.

ئه‌بجه‌ر داوود ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، ده‌كرێت تێكه‌ڵ به‌ سوپای فه‌رمی حكوومه‌تی سووریا ببن، به‌ڵام له‌ ڕێگه‌ی ڕێككه‌وتنێكی ده‌ستووری كه‌ دان به‌ تایبه‌تمه‌ندیی كوردی بنێت.

گوته‌بێژی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه‌، هه‌سه‌ده‌ له‌گه‌ڵ شه‌ڕ نییه‌، به‌ڵام به‌رگریی له‌ گه‌له‌كه‌ی ده‌كات له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بن.

حەمزە ئەحمەد، وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لانیکەم 300 هەزار هەژمار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان هەن، کە هەوڵی سەرلێشێواندن و بەلارێدابردنی خەڵکی سووریا دەدەن.

ئاماژەی بەوە شدا، ئەو هەژمارە ساختانە لە لایەن چوار وڵاتەوە سەرپەرشتی دەکرێن، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت. وەکوو خۆی باسی کرد، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە ناتوانن پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیای پلاتفۆڕمەکان دروست بکەن بۆ سنوورداکردن و داخستنی ئەو هەژمارانە.

یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماری قوربانییانی شەڕ و گرژییەکانی پارێزگای سوەیدای بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاند، لە سەرەتایی دروستبوونی ناکۆکییەکانەوە 427 چەکدار و 298 خەڵکی مەدەنی درووزەکان کوژراون، کە 194ـیان لەلایەن وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سووریا لە سێدارە دراون.

باسی لەوەش کرد، 354 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت و 21 بەدەوییش لە شەڕ و پێکدادانەکان کوژراون، هاوکات 15 سەربازی دیکەی حکوومەت بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کوژراون.

شەڕ و پێکدادان لە نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان ڕووی داو ماوەی هەفتەیەکی خایاند، دواتر هێزەکانی حکوومەت و سوپای ئیسرائیل دەستتێوەردانیان کرد و گرژییەکان فراوانتر بوون.

شەممە، 19ـی تەممووز 2025، سەرۆکایەتیی حکوومەتی سووریا، ئاگربەستێکی 'دەستبەجێ و گشتگیر'ی لە پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای نزیکەی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان لەو پارێزگایەی کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی درووزن. هاوکات، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگاکەدا بڵاو کراونەتەوە

ڕێککەوتنی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد. 

ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە:

1- گەرەنتیکردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.

2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونیان دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانیان بۆ دابین دەکات.

3- ڕاگرتنی شەڕ لەنێو هەموو خاکی سووریادا.

4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان.

5-گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە و پەنابەرە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.

6- پشتیوانیی دەوڵەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە مەترسین لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی.

7-ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و ڕق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.

8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێ نەپەڕێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment