ئێران.. لێدوانەکانی پزیشکیان کاردانەوەی سیاسی ناوخۆیی لێکەوتەوە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران

لێدوانەکانی مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، سەبارەت بە ئامادەیی حکوومەت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن، کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتووەتەوە.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ سیاسەتمەدارانی ڕیفۆرمخوازی ئێران گوتی: ئێمە ئێستا تەنانەت ئامادەیی ئەوەمان هەیە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنیشدا گفتوگۆ بکەین، چونکە چارەکردنی کێشەکانی وڵات پێویستی بە گفتوگۆیە نەک ڕووبەڕووبوونەوە.

ڕۆژنامەی "هەم میهەن" کە سەر بە غوڵامحوسێن کەرباسچی، سەرۆکی پێشووتری شارەوانیی تارانە، لە ژمارەی ئەمڕۆ، چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، لە  وتارێکدا  پێشوازیی لە لێدوانەکەی پزیشکیان کردووە و نووسیوویەتی "پێشتر، زۆر بە کەمی گوێمان لە وشەی ئۆپۆزسیون لە زاری بەرپرسانی فەرمیی ئێرانەوە بووە."

ڕۆژنامەی "جەوان"  کە لە سوپای پاسدارانەوە نزیکە، مانشێتی سەرەکیی خۆی بۆ لێدوانەکەی پزیشکیان تەرخان کردووە و نووسیوویەتی "سەرۆک کۆمار بۆ ڕیفۆرمخوازان: دووبەرەکی دروست مەکەن!" 

کاردانەوەکان سیاسەتمەداران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

زۆرینەی کاردانەوەکان بەرانبەر بە گوتەکانی پزشکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووە. هەندێک لە بەکارهێنەران، نووسیوویانە "بەشی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن یان نەیاران، لە دەرەوەی ئێران نین، بەڵکو لە ناوخۆی وڵات و لە زیندانەکاندان و حکوومەت دەتوانێت ئەو گفتوگۆیە لەگەڵ ئەواندا دەست پێ بکات."

سەعید شەریعەتی، چالاکی سیاسیی ڕیفۆرمخواز، نووسیویەتی: لێدوانەکانی پزشکیان "نیشانەی متمانەبەخۆبوونی سەرۆک کۆمارە. بەڵام ڕێگای دوور مەگرنە بەر. بەڕێزترین، خۆشەویستترین و نزیکترین ئۆپۆزیسیۆن "ئەندازیار میرحوسێن مەوسەوی" تەنیا یەک کۆڵان لێتانەوە دوورە؛ ڕێگاکە کورت بکەنەوە و بچن بۆ دیداری."

میرحوسێن مەوسەوی، کە یەکێکە لە ناسراوترین نەیارانی دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی و تا ئێستا دووجار پێشنیازی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی بۆ گۆڕینی یاسای بنەڕەتی و پێکهێنانی ئەنجوومەنی دامەزرێنەران بە ئامانجی تێپەڕاندنی حکوومەتی ئێستای ئێران ورووژاندووە، لە شوباتی ساڵی 2011ـەوە لەگەڵ هاوژینەکەی، زەهرا ڕەهنەوەرد، لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەرن.

ژمارەیەکی بەرچاو لە نەیاران و ڕەخنەگرانی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێستا یان لە زینداندان یان ڕووبەڕووی حوکمی هەڵپەسێردراوی زیندان بوونەتەوە. لەوانە موستەفا تاج‌زادە، سەعید مەدەنی و نەرگس محەممەدی.

شیکاری و پێشینەی مێژوویی

عەتا هودەشتیان، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی یومف لە جنێڤ، بە بی بی سی فارسی گوت: کە ئەم لێدوانانەی سەرۆککۆماری ئێران "درەنگوەختە و لە کاتێکدایە کە سەرجەم شەرعییەتی سیستەم بە کردەیی لەدەست دەرچووە."

کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆتاییەکانی سەرۆکایەتیی عەلی خامنەیی و مانگەکانی سەرەتای سەرۆکایەتیی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانیشدا بەڵێنی دانوستانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن دابوو.

یەکێک لەو دانوستانانە، گفتوگۆی نێردراوانی حکوومەتی ئێران بوو لەگەڵ عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی ئەو کاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، قاسملوو، لە ناوەڕاستی ئەم دانوستانانەدا و لە تەممووزی 1989 لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کوژرا.

ئێستا ژمارەیەک لە نەیارانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن "بەڵێنی چاکسازی و گۆڕانکاری لە پێکهاتەی حکوومەتدا، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی 30 ساڵ بەسەریدا، مەحاڵە و سیستەمی حوکم لە ئێراندا چیتر توانای چارەکردنی قەیرانە هەنووکەییەکانی نییە و نوێنەرایەتیی ئیرادەی نەوەی ئێستای ئێرانییەکان ناکات."

لەوەتەی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و ئێران ڕاگەیەندراوە، سەدان بیرمەند و چالاکی سیاسی و ئابووریناسی ئێران، لە نامەی کراوەدا داوای گۆڕانکاریی بەرفراوانیان لە شێوازی حوکمڕانیی ئێراندا کردووە بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانانە زۆرانەی وڵاتیان گرتووەتەوە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment