پارێزگای بابل.. خۆپیشاندەران ڕێگای حللە-دیوانیەیان داخست

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، دانیشتوانی گوندی مەجرییەی سەر بە پارێزگای بابل بەهۆی کەمئاوی، خۆپیشاندانیان کرد و ڕێگای حللە-دیوانیەیان داخست.
یوسف حەمەد، ئەندامی لیژنەی هەماهەنگی خۆپیشاندانەکە بە میدیاکانی ناوخۆیی ڕاگەیاند، "دانیشتوانی مەجرییە بەهۆی کەمئاویی و وشکبوونی ڕووباری مەجرییە، خۆپیشاندانیان کرد، کە ئەو ڕووبارە وەکوو شادەماری ژیانی ئەو ناوچە پڕ لە دانیشتوانەیە، هەروەها ڕێگای حللە-دیوانیەیان داخست."
ئاماژەی بەوەش کرد، "داخستنی ڕێگاوبانەکان پەیامێکی ناڕەزایەتییە و ئامانج لێی فشارخستنە سەر بڕیاردەران بووە بۆ خێراکردنی چارەکردنی پرسی کەمئاوی، چونکە کاریگەریی زۆریی لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە کردووە.
گوتیشی: "خۆپیشاندەران داواکارییەکانیان دەخەنە بەردەم حکوومەتی خۆجێی، بەهیوای چارەکردنی کێشەکە بە خێرایی"، هۆشداریشیدا لەوەی کە قەیرانی ئاوی بەردەوام مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ناوچەکە دروست دەکات و ئەگەر لە ماوەی داهاتوودا چارەسەری جددی نەدۆزرێتەوە، ڕەنگە کاردانەوەی گەورەتری لێبکەوێتەوە.
یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، هاووڵاتیانی شارۆچکەی خاڵس لە پارێزگای دیالە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، لە بەردەم باڵەخانەی قایمقامییەت خۆپیشاندانیان کرد و داوای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان کرد، بەتایبەتی قیرتاوکردنی ڕێگاوبان و کارەبا و ئاو.
یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بە میدیای ناوخۆی عێراقی گوت: "شارۆچکەی خاڵس کەمترین پێداویستییەکانی ژیانی تێدایە و بەدەست نەبوونی ژێرخانەوە گرفتارە، بەتایبەت لەڕووی ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان و تەنانەت ڕووناکی شەقامەکانەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد "دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ڕاپەڕین بۆ ئەوەی داوای گۆڕانکاری لە شارۆچکەکە بکەن."
خۆپیشاندەرێکی دیکە گوتی: کارکردن لە پرۆژەی ئاوەڕۆ زیاتر لە 20 ساڵە وەستاوە، ئێستا خاڵس شارۆچکەیەکی کارەساتاوییە. تەنانەت لە هاتووچۆ و چوونە سەر کاریشدا ڕووبەڕووی کێشە دەبینەوە." دەشڵێت: ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت، خۆپیشاندانی زیاتر فراوانتر دەکەین و ڕێگای ستراتیژی بەغدا-کەرکووک دادەخەین.