ئێران: هیچ متمانەیەکمان بە ئەمەریکا نەماوە
ئێران هێشتا دەیەوێت لەگەڵ ئەمەریکادا دانوستان بکات، ئەگەر دڵنیا بکرێتەوە لەوەی ئەمەریکا نیازی هێرشکردنەوە سەر ئێرانی نییە

کازم غەریبئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران، ڕایگەیاند، ئێران دەیەوێ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکادا دەست پێ بکاتەوە، بەڵام دەبێت لەوە دڵنیا بکرێتەوە کە دانوستان، وەک ئامادەکاریی بۆ هێرشی سەربازیی داهاتوو بەکار ناهێنرێت.
غەریبئابادی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک، بە ڕۆژنامەوانانی گوت: مانگی پێشوو، ئەمەریکییەکان لە لایەکەوە سەرقاڵی دانوستان بوون لەگەڵ ئێراندا و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا بەرنامەی هێرشکردنە سەر ئێرانیان دادەڕشت. ئێمە دەزانین بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکان و ڕێگریی لە سەپاندنی سزای زیاتر، دەبێت لەگەڵ ئەمەریکادا گفتوگۆ بکەین، بەڵام با بەڕاستی پێتان بڵێم، ئێمە هیچ متمانەمان بە ئەمەریکا نییە!
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند "گفتوگۆکانی ڕۆژی هەینیی داهاتوو گرنگن، بەڵام چارەنووسساز نین؛ تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنیش نەکرێت، ئێمە هێشتا کاتمان لەبەر دەستدایە."
ئەم قسانەی غەریبائابادی لە کاتێکدایە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا، کۆتایی مانگی ئابی داهاتوویان وەک دوا وادە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەست نیشان کردووە و ئەگەر تا ئەوە کاتە ڕێککەوتن نەکرێت، سزا ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران بە توندی دەست پێ دەکەنەوە.
بە گوێرەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015، یەکێتیی ئەورووپا لە ئەگەری پابەندنەبوونی ئێران بەو ڕێککەوتنە، دەتوانن سزای توندی ئابووری بەسەردا بسەپێنن؛ بەڵام ئێران ئەو هەنگاوە ڕەت دەکاتەوە.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتی: سێ وڵاتە ئەورووپییەکە پەیوەندییان بە ئێمەوە کردووە و ئامادەیی خۆیان بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن دەربڕیوە.
غەریبئابادی، ئەوەی نەشاردەوە کە ئێران متمانەی بە ئەمەریکا نەماوە، چونکە ئەمەریکا پێشتر، دانوستانەکانی وەک پەردەیەک بۆ شاردنەوەی پلانەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار هێناوە و دوور نییە ئەمجارەش هەمان کار دووبارە بکاتەوە. بەڵام ئێران هێشتا دەیەوێت لەگەڵ ئەمەریکادا دانوستان بکات، ئەگەر دڵنیا بکرێتەوە لەوەی ئەمەریکا نیازی هێرشکردنەوە سەر ئێرانی نییە.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئێمە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا دانوستان ناکەین؛ بۆ ئەورووپییەکانیش وا باشترە دوور لە کاریگەریی ئەمەریکا هەڵوێستی خۆیان دیاری بکەن، چونکە بە پێچەوانەوە گفتوگۆ و دانوستان هیچ سوودێکیان نابێت.