کچێکی دیکەی ئێزدی ڕزگار کرا

کچێکی دیکەی ئێزدی کە لەلایەن چەکدارانی داعش لە دوای داگیرکردنی شنگال و پارێزگای نەینەوا ڕفێندرابوو، دوای تێپەڕبوونی 11 ساڵ توانرا ڕزگار بکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ماهیر ئیلیاس، پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک، ئەو کچە ناوی ڕیهام حەجی حەمێ تەمەن 20 ساڵانە و لە کەمپی هۆل لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی ڕزگاربووانی دەستی داعش دۆزراوەتەوە و ڕزگار کراوە.
ڕێهام ئەو کاتەی لەلایەن چەکدارانی داعش ڕفێندراوە، تەمەنی تەنیا 9 ساڵان بووە و تاوەکوو ئێستا خوشکێکی و پێنج برای لەگەڵ 30 کەسی دیکەی لە خزمە نزیکەکانی کە لەلایەن داعش ڕفێندراو بوون، بێسەروشوێنن.
ئێستا دایکی و باوکی ڕێهام کە لە کەمپی ئیسیای سنووری شارەدێی شێخان نیشتەجێن، بەڵام بۆ گەڕاندنەوەی کچەکەیان چوو بوونە ڕۆژئاوای کوردستان ئەمڕۆ گەڕانەوە و گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەم کچە لە ساڵی 2014 کاتی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر کۆمەڵگەی خانەسۆری شارەدێی سنونی سەر با شنگال لەگەڵ 77 کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی و خزم و کەسوکاری لەلایەن چەکدارەکان ڕفێندران، بەڵام دوای 11 ساڵ تاوەکوو زیاتر لە 30 کەسیان بێسەروشوێنن.