ڕێبوار تەها: لە کەرکووک پەیوەندیی و هەماهەنگییەکی باش لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە

پارێزگاری کەرکووک باس لەوە دەکات، ئیدارەی پێشوو زۆر نادادپەروەری بەرانبەر بە کورد کردووە، هەروەها هێرشە درۆنییەکان بۆ دروستکردنی فشار بووە.
ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژ لە کوردستان24، ڕایگەیاند: دوور لە ڕاگەیاندنەکان چەندین ئۆپەراسیۆنمان دژی تیرۆرستان کردووە، هێرشە درۆنییەکانی سەر کەرکووک و هەرێمی کوردستان تەواوکەری یەکتربوون، هێرشە درۆنییەکان بۆ دروستکردنی فشاربوو، دۆخی ئەمنی ئێستای کەرکووک بەراورد بە ڕابردوو زۆر جیاوازە.
ڕێبوار تەها گوتی: لە ئیدارەی پێشوو زۆر نادادپەروەری بەرانبەر کورد کراوە، ئیدارەی پێشووی گەڕەکە کوردییەکانی لە کارەبا و ئاو بێ بەشکردووە، بەڵام هاووڵاتییانی کەرکووک ئێستا بە سەلامەتی لە ماڵەکانیان دەخەون .
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پارێزگاری هەموو نەتەوەکانی کەرکووکم و جیاوازی ناکەم، پرۆژەکانمان گەیاندووەتە هەموو گەڕەکە بێ بەشکراوەکان،سەرەڕای ئەمەش کۆنەبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا کاریگەری لەسەر کارەکانمان نەکردووە.
دەربارەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی لەو شارە، پارێزگاری کەرکووک باسی لەوە کرد، ئۆمێد دەکەم پارتی بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا بکات، هەروەها زۆر دڵخۆشبووین بە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا، لە کەرکووک پەیوەندییەکی باش لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە، بەبۆچوونی من پارتی لە کەرکووک کێشەی پۆستی نییە، هیچ بەرپرسێکی پارتیم لە ئیدارەی کەرکووک نەگۆڕیوە، پێم خۆشە پارتی بەشداری لە لە ئیدارەی خۆجێیی کەرکووک بکات، سەردانی بەرپرسانی پارتی لە کەرکووک دەکەم، دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی باشتر بکەین، پارتی و یەکێتی بەیەکەوە جوانن و دەتوانن زیاتر خزمەت بکەن.
پارێزگاری کەرکووک گوتیشی: بەگوێرەی ئەو ماستەرپلانەی هەیە کەرکووک زیاتر فراوان دەبێت، ناتوانین زەوییەک لە سنووری ماددەی 140 بێت دابەشی بکەین، هەروەها خەڵک لە شارۆچکە و شارەدێیەکان زەوییان ناوێت، سەرجەم ئاوارەکانی ماددەی 140 کە گەڕاونەتەوە خانووەکانیان تاپۆ دەکەین، هیوادارین لە کۆتایی ئەمساڵ پرۆسەکە تەواوبکرێت، هاووڵاتییانی کەرکووک داوای سەقامگیری و هەڵیکار دەکەن، بڕیارمانداوە بازگەکانی ناو کەرکووک کەمبکینەوە، بازگەی سەر ڕێگای هەولێر-دارەمان، لەگەڵ بازگەی پردێ تێکەڵ دەکەینەوە.
دەشڵێت: لە سەرەتا ساڵەوە تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق بودجەی کەرکووکی نەناردووە، تەنیا سێ مانگ بودجەمان هەبووە، هەموو ئەو کار و پرۆژانەی دەیکەین بۆ کەرکووک بە بودجەی ئەم سێ مانگەیە دەکرێن، لە داهاتوویەکی نزیک حەوت هەزار پلەی وەزیفی ڕادەگەیەنین، کەرکووکمان بەشێوەیەکی زۆرباش خاوێنکردووەتەوە و ئێستا زبڵ خانە نییە.
زیاتر گوتی: هیچ جوتیارێک ئامادەنییە دەستبەرداری زەوییەکەی بێت، دەمانەوێت کێشەی جوتیاران بە یاسا چارەسەربکەین، هەروەها باشترین سەرژمێری لە کەرکووک ئەنجامدرا.