واشنتن پلانی ماکرۆن بۆ داننان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی ڕەتدەکاتەوە

وێنە؛ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
وێنە؛ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، ڕایگەیاند، واشنتن پلانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ داننان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی ڕەتدەکاتەوە و بە بڕیارێکی بێباکانە وەسفی کرد.

ڕوبیۆ لە پۆستێکیدا لە ئێکس نووسیویەتی؛ ئەم بڕیارە بێباکانە تەنیا خزمەت بە حەماس دەکات و ڕێگری لە ئاشتی دەکات.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕۆژی پێنجشەممە، ڕایگەیاند "فەرەنسا بە نیازە لە مانگی داهاتوودا دان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا بنێت، لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و هیوای خواست، ئەمە یارمەتیدەر بێت بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەرۆکی فەرەنسا لە ئێکس و ئینستاگرام نووسیویەتی: "لە پێناو جێبەجێکردنی پابەندبوونی مێژوویی خۆی بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بڕیارم داوە، فەرەنسا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت. ئەمە بە فەرمی لە میانی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی داهاتوودا ڕادەگەیەنم".

ماکرۆن گوتیشی: ئێستا ئەولەویەتی بەپەلە وەستاندنی شەڕی غەززە و پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ دانیشتوانی مەدەنیی کەرتی غەززەیە. ئاشتی مومکینە، بۆ بەدیهێنانیش ئاگربەستێکی دەستبەجێ و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بەرفراوان بۆ خەڵکی غەززە زۆر گرنگە. 

گوتیشی: دەستەبەرکردنی چەکداماڵینی حەماس زۆر گرنگە و لەگەڵ ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment