زیاتر له 60 منداڵی غه‌ززه به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه مردوون

ڕوانگه‌ی یۆرۆ-ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژه به‌وه ده‌كات زیاتر له 60 منداڵی كه‌رتی غه‌ززه له وه‌ته‌ی مانگی ئاداری ئه‌م ساڵه‌وه، به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه مردوون؛ ده‌شڵێت ئیسرائیل تۆڕی دابەشکردنی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی هەڵوەشاندەوە کە زیاتر لە 400 خاڵی لەخۆ گرتبوو.
هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، ڕوانگه‌ی یۆرۆ-ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاگه‌یه‌نراوێكی له باره‌ی دۆخی مرۆیی غه‌ززه بڵاوكرده‌وه و ڕایگه‌یاندووه، زیاتر له 60 منداڵی كه‌رتی غه‌ززه له وه‌ته‌ی مانگی ئاداری ئه‌م ساڵه‌وه، كه ئيسرائيل ده‌روازه‌كانی بە ڕووی مرۆیی و فریاگوزاری و پزیشکیدا داخستووە، به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه مردوون دەیان هەزاری دیکەش ژیانیان لە مەترسیدایه.
ڕوانگه‌ی یۆرۆ-ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتووشیه‌تی، "دامەزراوەی مرۆیی غەززە"، کۆتایی بە برسێتی ناهێنێت، بەڵکوو دەیشارێتەوە و بەپێی مۆدێلێک کار دەکات کە بە تایبەتی بۆ خزمەتکردنی سیاسەتەکانی ئیسرائیل داڕژراوە.
ئه‌و ڕوانگه‌یه باسی له‌وه‌ش كردووه، ئیسرائیل له 2ـی ئاداری ئه‌م ساڵه‌وه خۆی لە جێبەجێکردنی هه‌ر ڕێککەوتننامەیه‌كی تایبه‌ت به ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیل و بارمته و زیندانییه‌كان لەگەڵ بزووتنه‌وه‌ی حەماس دەدزێتەوە و دەروازەکانی غەززەی داخستووە و ڕیگه نادات هاوكارییه مرۆڤییه‌كان بگه‌نه خه‌ڵكی كه‌رته‌كه.
هه‌روه‌ها له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه، ئیسرائیل تۆڕی دابەشکردنی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی هەڵوەشاندەوە کە زیاتر لە 400 خاڵی لەخۆ گرتبوو و لە شوێنی ئه‌و تۆڕه چوار خاڵی ته‌لبه‌ندكراوی دامه‌زراندووه کە لەلایەن دامەزراوەی مرۆیی غەززەوە بەڕێوە دەبرێن، کە هەموویان لە چوارچێوەی ناوچە سەربازییەکانن کە لەژێر کۆنترۆڵ و ده‌سه‌ڵاتی ڕاستەوخۆی سوپای ئیسرائیلدان.