یەكێتیی قوتابییان و لاوان: وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان بکات

یەكێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: لە ئەگەری هەڵنەوەشاندنەوەی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە دژ بە زمانی کوردی دەری کردووە، تیمێك لە پارێزەرانمان دەچنە دادگای فیدراڵی و داوای یاسایی لەسەر وەزارەتەکە تۆمار دەکەن.
شەممە 26ـی تەممووزی 2025، یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە داخەوە بە نووسراوێك، وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومەتی فیدراڵی عێراق، زمانی كوردی لە زانكۆ و پەیمانگا حكوومی و تایبەتەكان قەدەغە دەكات، ئەمە جگە لە ڕۆحیەتێكی ڕەگەزپەرستی و تێكدانی شیرازەی پێكەوەژیانی گەلانی عێراق، هیچی دیكە هەڵناگرێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەی یەکێتیی قوتابییان و لاواندا هاتووە، لە ماددەی 4ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا و لە بڕگەی (أ و ب) بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەكات كە ( زمانی كوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمین لە وڵاتدا، مافی سەرجەم عێراقییەكان پارێزراوە لە فێركردنی ڕۆڵەكانیان بە زمانی دایكیان).
هەروەها یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، وێڕای سەرکۆنەکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داوا لە وەزارەتەکە دەکات بە زووترین کات ئەو بڕیارە هەڵبووەشێنێتەوە و داوای لێبووردنیش لە گەلی کوردستان بکات، کە بە پێی دەستوور زمانەکانی کوردی و عەرەبی، زمانی فەرمیی وڵاتن.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەش کراوە، یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، لە ئەگەری هەڵنەوەشاندنەوەی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە دژ بە زمانی کوردی دەری کردووە، تیمێك لە پارێزەرانیان دەنێرنە دادگای فیدراڵی و داوای یاسایی لەسەر وەزارەتەکە تۆمار دەکەن، هەروەها ڕێگەیەكی دیكە بۆ هەڵوەشاندەوەی ئەو بڕیارە دەگرنەبەر و ناهێڵن تێپەڕێت.