شوان کەلاری: هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەش و حەوت نییە

پەرلەمانتارێکی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کەسانێک لە عێراق دەیانەوێت جینۆسایدی ئابووری هەرێمی کوردستان بکەن.
شوان کەلاری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 29ی تەممووزی 2025، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژ بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەش و حەوت نییە، لیستی مووچەی مانگی شەش بۆ بەغدا نێردراوە، هەروەها ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی خراپ دەگەڕێن و بەشێکن لە کێشە.
شوان کەلاری گوتیشی: بەغدا پابەند نییە بە ڕێککەوتنەکان، پەرلەمانی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاند: ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان دەیکات پێچەوانەی دەستوورە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، عێراق گوێ لە فشارە ناوخۆییەکان ناگرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە داهاتی ناوخۆ بۆ بنێرێت، تاوەکوو ئێستا هیچ گرفتێک بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێم نییە.
کەلاری باسی لەوەش کرد،کەسانێک هەن لە عێراق دەیانەوێت جینۆسایدی ئابووری هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام کورد چەندین کارتی فشاری لەدەستە، لەوانە، کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی و بایکۆتکردنی هەڵبژاردن و حکوومەتی عێراق بە هاووڵاتیی پلە یەک سەیری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ناکات.