هۆزە عێراقییەکان بە هانای بەدەوییەکانی سووریاوە دەچن

ژمارەیەک چەکداری بەدەوییەکانی سووریا
ژمارەیەک چەکداری بەدەوییەکانی سووریا

هەندێک لە چەکدارانی هۆزە نێشتەجێکانی ڕۆژاوای عێراق بەشدارییان لە شەڕ و پێکدادانەکانی دوو هەفتە لەمەوبەری سوەیدا کردووە و چەک و تەقەمەنییان لە پارێزگای ئەنبارەوە بۆ سوەیدا گواستووەتەوە.

پێنجشەممە، 31ـی تەمممووز، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، هەندێک لە هۆزە عەرەبەکانی پارێزگای ئەنبار، لەگەڵ چەکدارە بەدەوییەکانی لایەنگری دەوڵەتی سووریا، بەشدارییان لە شەڕ و پێکدادانەکانی سوەیدا کردووە. 

 ئاژانسەکە دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی هۆزە نیشتەجێکانی پارێزگای ئەنبار، پاش ئەوەی چەکدارە بەدەوییەکانی سەر بە سوپای سووریا لە سوەیدا پاشەکشەیان پێ کرا، بە چەکی سووک و نیوە قورس بۆ هاوکاریی ئەو هێزانە بەرەو سوەیدا ڕۆیشتوون و بەشدارییان لە شەڕ و پێکدادانەکاندا کردووە.

ڕەعد سلێمان، سەرۆک هۆزێکی پارێزگای ئەنبار، ڕایگەیاندبوو "هۆزە عەرەبەکان ئەنبار، ناتوانن بەرانبەر بە کردەوە نالەبارەکانی درووزەکان لە سووریا بێدەنگ بن. گەنجانی هۆزەکانی ئێمە، ئامادەن بەرگرییی لە شەرەفی عەرەبی و عەشایەریمان بکەن."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا، بۆ ڕێگریی لە چوونی ئەو هێزە عەشایەرییە بۆ هاوکاریی چەکدارە بەدەوییەکان، جێگیر کراون.

بەرپرسانی ڕەسمیی لە بەغدا وەک هەمیشە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بارودۆخی سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا، لە لایەن یەکەکانی سەر بە سوپای عێراقەوە کونترۆڵ کراوە و هیچ کەلینێکی ئەمنی، یان دزەکردنی چەکداری لەوێ ڕووی نەداوە. 

چاودێران لایانوایە، هاوکاریی نێوان هۆزە عێراقییەکان و بەدەوییەکانی شام لە داهاتووشدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی درووزەکان، یان هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەردەوام بێت.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment