ترەمپ بۆ مێدڤێدێڤ: ئاگاداری قسەکانت بە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، داوای لە دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا کرد "بە وردی قسەکانی هەڵبژێرێت، بە قسەکانی خەریکە پێ دەخاتە ناوچەیەکی مەترسیدار".

سەرۆکی ئەمەریکا بە تۆنێکی هەڕەشەئامێزەوە قسەی بە دیمیتری مێدڤێدێڤ، سەرۆکی پێشووی ڕووسیا گوت و بێزاری خۆی لە لێدوانەکانی دەربڕی. هەروەها ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال نووسیویەتی: "بە مێدڤێدێڤ، سەرۆکی پێشووی شکستخواردووی ڕووسیا کە پێی وایە هێشتا سەرۆکە، بڵێن؛ "بە وردی قسەکانی هەڵبژێرێت، بە قسەکانی خەریکە پێ دەخاتە ناوچەیەکی مەترسیدار!"

مێدڤێدێڤ لەم دواییانەدا بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر ڕووسیا سەبارەت بە ئۆکرانیا و سزاکان و پرسەکانی دیکە گرتبوو.

مێدڤێدێڤ لەبارەی بڕیارەکەی ترەمپەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو وادەیەی کە بە ڕووسیا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا لە 50 ڕۆژەوە بۆ 10 ڕۆژ کەمکردەوە و ئەم بڕیارەی بە "هەنگاوێک بەرەو شەڕ" ناوبرد، بە بیری ترەمپی هێنایەوە کە ڕووسیا ئیسرائیل و ئێران نییە و بە بڕیاری ئەو کارناکەن. 

هەر لەو چوارچێوەیەدا، مێدڤێدێڤ ڕەخنەی لە نیازی ترەمپ گرت بۆ سەپاندنی باج بەسەر ڕووسیا و هاوبەشە بازرگانییەکانیدا و لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکای بە نمایشکاری وەسف کرد و بە شێوەیەک وەسفی کرد کە ڕووسیا گرنگی بە گوتەکانی نادات.

دووشەممە 28ی تەممووزی 2025، دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە بارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا نووسیویەتی: ترەمپ یاری لەگەڵ ڕووسیا دەکات، دەبێت بزانێت ڕووسیا، ئیسرائیل و تەنانەت ئێرانیش نییە، ئەو یارییانە بکات.

دووشەممە 28ی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو، زۆر لە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بێئومێد بووە، بۆیە ڕەنگە ئەو 50 ڕۆژەی مۆڵەتی پێی دابوو، کەمی بکەمەوە؛ ئاماژەشی دابوو، 10 بۆ 12 ڕۆژی داهاتوو کۆتا وادە دەبێت بۆ ئەوەی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێک بکەوێت، چونکە هیچ بەرەوپێشچوونێکمان لە بارەی ئاگربەستی نێوانیان نەبینیوە و ڕووسەکان و ئۆکرانییەکان بەبێ هۆکار دەمرن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment