عەبدولخالق تەڵعەت: لیژنەیەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان سەردانی هەولێر دەکات

نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم جارە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەرۆکی لیژنەی لێكۆڵینەوەیە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم.
پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لە میانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی ڕۆژی شەممەی داهاتوو، لیژنەیەکەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان، سەردانی هەولێر دەکات.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، باسی لەوە کرد، لە ماوەکانی ڕابردوو حکوومەتی عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنابوو بۆ زانینی شوێنی هەڵدانی درۆنەکان، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکردووە.
هاوکات ڕایگەیاند: ئەم جارە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەرۆکی لیژنەی لێكۆڵینەوەیە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
دەشڵیت: هەرێمی کوردستان و تەنانەت وڵاتانی هاوپەیمانیش چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانن.
عەبدولخالق تەڵعەت، پێشبینی دەکات ئەم جارە ڕێوشوێن بەرانبەر بە هێرشکارانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێتەبەر.
لە سەرەتای مانگی تەممووزەوە تا ئێستا، زیاتر لە 20 هێرشی درۆنیی و مووشەكیی كراونەتە سەر شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەو ژمارەیەش 9 هێرشیان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان بوون، كە بریتی بوون لە كێڵگە نەوتەكانی (خورمەڵە، كۆرمۆر، سەرسنک، ئەتروش، بای حەسەن، پێشخابور، تاوكێ، هەنت ئۆیڵ)هێرشەکانی دیکەش بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.
ڕۆژی دووشەمممە، 28ـی تەممووزی 2025، شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە گەیشتە هەولێر و لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.
قاسم ئەعرەجی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد ڕایگەیاند: "هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، زیان بە ناوبانگ و ئابووری عێراق دەگەیەنن، سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەین و هێرشکارەکان بە سزای خۆیان دەگەن."