دانیشتووانی مووسڵ داوا دەکەن پرۆژەی ڕووناکی بگەیێنرێتە شارەکەیان
مووسڵ یەکێکە لە پارێزگا گەورەکانی عێراق، زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی لە شارەکەدا دەژین، بەڵام ڕەوشی خزمەتگوزاری بەتایبەتی کارەبا وێرانە، هاووڵاتییان لە کەمی کارەبا ناڕازین و دەڵێن: نەبوونی کارەبا بەلایەک، ئەو هەموو مۆلیدە ژینگەی شاریان پیس کردووە، بۆیە دەخوازین هاوشێوەی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی ڕووناکی بهێنرێتە شارەکەیان و وەکوو هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابین بکرێت.
سەید وەلید، هاووڵاتییەکی شاری مووسڵە و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: 35 ساڵە بەبێ کارەبایی دەناڵێنن، بەداخەوە هیچ گۆڕانکارییەک ڕووینەداوە و بارودۆخ ڕۆژ لە دوای خراپتر دەبێت.
لە ناوەندی شاری مووسڵ، پلەکانی گەرما بۆ 50 پلەی سیلیزی بەرزبوونەتەوە، نەبوونی کارەبای نیشتیمانی وەک پێویست باردۆخی هاووڵاتییانی خراپترکردووە.
رەیان نەنی، هاووڵاتییەکی دیکەی شارەکەیە و بە کوردستان24ـی گوت: ئێمەی هاووڵاتی مووسڵ بەدەست خراپی کارەبای شارەکەوە دەناڵێنین، کارەبای مۆلیدە مانگانە بۆ هەر ئەمپێرێک 10 یان 20 یان 30 هەزار دینارە.
لەلای خۆیەوە، ئەنەس تایی، ژینگە دۆست بە کوردستان24ـی گوت: ملیاران دۆلار بۆ کارەبا خەرجکراوە، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستا کێشەی خراپی کارەبا چارەسەرنەکراوە، لە ساڵی نەوەدەکانەوە لە عێراق گرفتی خراپی کارەبا هەیە، لەگەڵ ئەمەش ژمارەی زۆری مۆلیدەکان کاریگەری خراپی کردووەتەوە سەر ژینگەی شارەکە و پێویستە حکوومەتی عێراق سوود لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ببینێت بۆ کارەبا.
لە شاری مووسڵ سێ هەزار و 200 مۆلیدەی تۆمارکراو هەیە، بەگوێرەی لێژنەی مۆلیدەکان ڕۆژانە زیاتر لە 12 کاتژمێر کارەبای مۆلیدەکان هەیە و لە باشترین باردۆخیدا کارەبای نیشتیمانی ڕۆژانە تەنیا 10 کاتژمێر هەیە.