ڕوبیۆ: بەبێ ڕەزامەندی ئیسرائیل هیچ دەوڵەتێکی فەڵەستینی بوونی نییە

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پلانەکانی بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا بۆ داننان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی بە 'بێ بەها' وەسف کرد.

ڕوبیۆ بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، "ئەم پلانە بۆ هەندێک کەس بێزارکەرە، نائارامکەرە و هیچ مانایەکی نییە".

گوتیشی: یەکەم؛ هیچ کام لەم وڵاتانە توانای دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستینییان نییە و ناتوانرێت دەوڵەتی فەڵەستینی هەبێت مەگەر ئیسرائیل پێی ڕازی بێت. دووەم؛ تەنانەت ناتوانن دیاری بکەن کە ئەو دەوڵەتە فەڵەستینییە لە کوێ دەبێت و ناتوانن دیاری بکەن کە کێ حوکمڕانی دەکات. سێیەم؛ پێموایە ئەمە بێ یارمەتییە.

هەروەها ڕوبیۆ، دەشڵێت: داننان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی "پاداشتی حەماس دەداتەوە و هانیان دەدات ئاگربەست لە غەززە ڕەتبکەنەوە".

کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا "ناڕەزایی و دژایەتی"ی خۆی بۆ سەرکردەکانی فەرەنسا، بەریتانیا و کەنەدا سەبارەت بە دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەڵەستینی دەربڕی.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ترەمپ پێی وایە پلانێکی لەو شێوەیە دەبێتە "پاداشتکردنی حەماس لەکاتێکدا بزووتنەوەکە بەربەستی ڕاستەقینەی ئاگربەست و ئازادکردنی هەموو بارمتەکانە" لە کەرتی غەززە. 

نزیکەی 144 وڵات لە کۆی 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە زۆربەی وڵاتانی باشووری جیهانی، ڕووسیا، چین و هیندستان لەخۆدەگرێت، دەوڵەتی فەلەستین دەناسن.

بەڵام لە کۆی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا تەنیا چەند وڵاتێک دانیان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا ناوە.

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تشرینی دووەمی 2012دا بە بەرزکردنەوەی پێگەی فەڵەستین لە "کیان"ەوە بۆ "دەوڵەتی چاودێر غەیرە ئەندام" لە تشرینی دووەمی 2012دا پەسەندکردنی فەڵەستین وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری پەسەندکرد.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment